سەرچاوەیەک لە فەرەنسا ئاماژە بە گواستنەوەی زینەدین زێدان دەکات بۆ یانەی پاریس سان جێرمان، هەروەها ئاماژەشی بە گۆڕانکاریی گەورە لە یانەی مانچستەر یونایتد دەکات.
ڕۆژنامەنووسی فەرەنسی، دانیێل ڕیۆلۆ بە ڕادیۆی مۆنتی کارلۆی فەرەنسی ڕاگەیاندووە “ئاڕ ئێم سی”، لە هاوینی 2022 و بەر لەدەستپێکی وەرزی داهاتوو، زینەدین زێدان پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانەوە دەکات و جێگەی ماوریسیۆ پۆچتینۆ دەگرێتەوە.
ڕۆژنامەنووسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە پۆچتینۆ بەبێ یانە ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، بەڵکو پەیوەندی بە یانەی مانچستەر یونایتدەوە دەکات و جێگەی ڕاڵف ڕانیکی ئەڵمانی دەگرێتەوە.
ڕیۆلۆ دەڵێت، “بوونی زێدان لە پاریس سان جێرمان گەورەترین کێشە بۆ یانەی ڕیاڵ مەدرید دروستدەکات، ناوبراو هەوڵدەدات کیلیان مباپێ قایل بکات لە پاریس بەردەوامبێت، لەکاتێکدا بەرپرسانی یانەی شاهانە پێیانوایە بابەتی مباپێ یەکلاییبووەتەوە”.
دانیێل ڕیۆلۆ، یەکێکە لە ڕۆژنامەنووسە باوەڕپێکراو و ناودارەکانی فەرەنسا، یەکەمین کەس بووە لەبارەی چوونی مێسی بۆ پاریس سان جێرمان زانیاریی وردی بڵاوکردووەتەوە، بۆیە زانیارییەکانی لەلایەن میدیاکانەوە بەگرنگ و دروست ئاماژەیان بۆدەکرێت.