ئەردۆغان: تورکیا لە ماوەی سێ ساڵدا فڕۆکەی جەنگی دروستدەکات

دوای ساڵانێك لە دوورخستنەوەیان لە دروستکردنی فڕۆکەی “‏F 35‎‏”ی ئەمریکی، ڕەجەب ‏تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دەلێت، لە 2025دا دەبنە خاوەنی یەکەم فڕۆکەی نەوەی ‏پێنجەم.‏

لە ڕاپۆرتێکدا پێگەی گریک ڕیپۆرتەر بڵاویکردەوە، 16 کۆمپانیای پیشەسازیی ‏فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمان یەکیانگرتووە، بۆ ئەوەی تا ساڵی 2023 یەکەم فڕۆکەی ‏جەنگیی دروستکراوی ناوخۆیی تورکیا ئامادەبێت.‏

تورکیا یەکێک بوو لە هاوبەشەکانی ئەمریکا لە پڕۆگرامی دروستکردنی فڕۆکەی ‏F 35‎ی ‏ئەمریکی، بەڵام دوای کڕینی سیستمی ئێس 400ی ڕوسی لەلایەن تورکیاوە، ئەمریکا ئەو ‏وڵاتەی لە فڕۆکەی جەنگیی ‏F 35‎‏ بێبەشکرد، بەهۆی ئەوەی سوپای ئەمریکا ئەو سیستمە ‏‏(ئێس 400) بە مەترسی بۆ فڕۆکەی ‏F 35‎‏ دادەنێت. ‏

لە نوێترین لێدوانیدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەوبارەیەوە وتی، تا ساڵی 2025 تورکیا ‏دەبێتە خاوەنی فڕۆکەی شەڕکەری دروستکراوی خۆی، “تورکیا دەبێت ئامادەرکاریی ‏بکات بۆ جەنگەکانی داهاتوو لەڕێگەی زیادکردن و پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی كەرەستەی ‏جەنگی”.‏

بەوتەی سەرۆكە توركییەكە، تورکیا لەناو 10 باشترین ئەو وڵاتانەیە کە دەتوانن فڕۆکەی ‏جەنگی دروستبکەن، هەروەها لە سێ گەورەترین وڵاتانی دروستکەری فڕۆکەی ‏بێفڕۆکەوانن.‏

وتیشی، ئەو پڕۆژانەی تورکیا لەبواری بەرهەمهێنانی کەلوپەلی جەنگیدا کاری تێدادەکات، ‏زیاترن لە 750 پڕۆژە، لەناویشیاندا پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی تورکیا. ‏

ئەو پڕۆژەیەی تورکیا بۆ دروستکردنی فڕۆکەی جەنگی دەستیپێکردووە، زیاتر لە دوو ‏هەزار و 300 ئەندازیار کاری تێدادەکەن، ئەمە لەکاتێکدایە بودجەی بەرگریی تورکیا 75 ‏ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. ‏

بەپێی راپۆرتێکی پێشووی دیفێنس نیوز، تورکیا هەوڵدەدات سوود لە تەکنەلۆژیای ‏فڕۆکەوانیی ئەمریکا و ڕوسیا وەربگرێت لە پیشەسازیی دروستکردنی فڕۆکەکانیدا. ‏

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021دا تورکیا داوایەکی ‏پێشکەش بە ئەمریکا کرد بەمەبەستی کڕینی 40 فڕۆکەی جەنگیی جۆری ‏‎16‎‏ ‏F، کە ‏تائێستا ئەو داواکارییەی تورکیا ڕەزامەندیی کۆنگرێسی بەدەستنەهێناوە. ‏

سەبارەت بەو داوایەی تورکیا، 11 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا نامەیەکی کراوەیان ‏ئاراستەی جۆ بایدن کرد، کە نابێت ڕێگە بە دروستکردنی هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ‏نیشتمانیی ئەمریکا بدات لەڕێگی فرۆشتنی چەک بە تورکیا، کە “وەک هاوپەیمانێکی ‏کەمتەرخەم و دژ مامەڵە دەکات”.‏

بابەتی پێشتر

شاندە هاوبەشەكە لەگەڵ چێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوە

بابەتی دواتر

کەشناسیی عێراق: ناوەڕاستی هەفتە لە هەرێم بارانبارین دەستپێدەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share