چوارلایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خۆیان وەک سەربەخۆ ناوهێناوە هاوپەیمانێتییەک ڕادەگەیەنن و دەڵێن، “هاوپەیمانێتییەکە بەرهەمی دوو مانگ کۆبوونەوەیە و دەستوور و بەرنامەش داڕێژراوە”.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا نێردراوە هاوپەیمانێتییەکە ئاشکرایکردووە، “پاش دوو مانگ کۆبوونەوەی هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نووسینەوە و داڕشتنی دەستوور و بەرنامە و پێڕەوی هاوپەیمانی، توانرا هاوپەیمانیی سەربەخۆییخوازانی کوردستان HSK پێکبهێندرێت”.
ڕاگەیەندراویەکە ئاماژەی بەوەکردووە “لەو هاوپەیمانییە دا بڕیار دراوە کاری هاوبەش(( سیاسی،نیزامی، ئەمنیەتی، میدیایی)) ، بەیان و گوتاری هاوبەش ، پێوەندی و لۆبیگەریی هاوبەش و کار بۆ پڕۆژەی هاوبەش بکرێت”.
حزب و لایەنەکانی پێکهێنەری ئەو هاوپەیمانییە بریتین لەم چوار لایەنە:
1- ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد
2- یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان
3- تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی دێموکراتیکی کوردستان
4- بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان