ڕێکخراوی ئۆپیک ڕایگەیاند، پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ مانگی شوباتی داهاتوو 4.325 ملیۆن بەرمیل دەبێت لە ڕۆژێکدا، ئەمەش دوای کۆبوونەوەی دوێنێی ئۆپیک پڵەس و بڕیاری زیادکردنی 400 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ كۆی بەرهەمی وڵاتانی بەرهەمهێنەر.
بەپێی ئەو خشتەیەی ڕێکخراوی ئۆپیک بڵاویکردووەتەوە تایبەت بە پشکی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەکە لە بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی شوبات، ڕایگەیاندووە، پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ مانگی داهاتوو دەگاتە 4.325 بەرمیل، بەزیادکردنی بڕی 44 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم، کە پشکی ڕۆژانەكەی 4.281 ملیۆن بەرمیلە.
بەپێی خشتەکە، هەریەکە لە ڕوسیا و سعودیە لە مانگی شوباتدا بەرهەمهێنانیان دەگاتە 10.227 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەزیادکردنی بڕی 105 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەریەکەیان لە ڕۆژێکدا بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم.
وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و ڕێكخراوى ئۆپیک پڵەس بڕیاریاندا لە مانگی داهاتووەوە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەن بۆ كۆی بەرهەمی وڵاتانی بەرهەمهێنەر.
بڕیارە لە ڕۆژی دووی شوباتدا جارێکی دیکە ئۆپیك پڵەس كۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانییەکە.