لە هێرشێکی داعشدا چالاکوانێکی دیکە لەباکووری بەغداد کوژرا، هیومان ڕایتس وۆچیش هۆشداری دەدات

سەرچاوە ئەمنییە عێراقییەکان ئاشکرایانکرد، چەکدارانی داعش چالاكوانێكیان كوشتووە، كە سەرۆکی كۆمەڵەیەكی گەنجانی خۆبەخش بووە، هیومان ڕایتس وۆچ-یش دەڵێت، ئەو گروپانەی چالاكوانان دەكەنە ئامانج حزبی سیاسییان هەیە و لە ئەنجومەنی نوێنەراندان.

میدیا عێراقییەکان لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویانکردەوە، دوێنێ هەینی، هیشام حیجازی، سەرۆکی “کۆمەڵەی گەنجانی خۆبەخشی تارمییە بۆ بەهاناوەچوون”، لەلایەن چەکدارانی سەر بە ڕێکخراوی داعشەوە لە یەکێک لەشەقامەکانی شارۆچکەی تارمییەی باکووری بەغداد کوژرا.

لەلایەکی دیکەوە سەبارەت بە کوشتن و تیرۆرکردنی چالاکوانانی عێراقی، ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی عێراق ڕێکاری پێویست و بەپەلەیان جێبەجێنەکردووە سەبارەت بە کوشتن و تیرۆرکردنی چالاکوانان لە دەرەوەی یاسا، کە لە ساڵی ڕابردوو و نیوەی یەکەمی ئەمساڵیشدا بەردەوامە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت، هێرشەکان زیاتر ئەو چالاکوانانە دەکەنە ئامانج، كە ڕابەرایەتیی دەنگی ناڕەزایی خەڵک و خۆپیشاندانەکان دەکەن، هەروەها ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی دەکەن.

لە راپۆرتەکەدا ڕەخنەی ئەوەش گیراوە، کە حکومەتەکەی مستەفا کازمی شکستی هێناوە لە هەر هەنگاوێک بۆ لێپرسینەوە و سزادانی دادپەروەرانەی ئەو کەس و گروپانەی لەپشت هێرشەکانەوەن بۆ سەر چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان.

بەلقیس والی، توێژەری ڕێکخراوەکە لەبواری قەیران و ململانێکان هۆشداری دەدات لە “داهاتوویەکی تاریک”، کە چاوەڕێی عێراق دەکات، بەوپێیەی بەشێک لەو گروپە چەکدارانەی لەپشت هێرشە چەکدارییەكان و كوشتنی چالاکوانانن، حزبی سیاسییان هەیە و بەشێکیشیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بوونیان هەیە.

لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە، كە بە خۆپیشاندانەكانی تشرین ناسراوە، زیاتر لە 70 چالاکوان تیرۆرکراون، یان ڕوبەڕووی هێرش و هەوڵی تیرۆرکردن بوونەتەوە، هەروەها دەیان کەسیشیان بۆ ماوەیەک ڕفێنراون.

بابەتی پێشتر

بەریتانیا بە ناوچەی مەترسی ڕیزبەنددەكرێت

بابەتی دواتر

حكومەت بە بازرگانانی قەرزدار ناوێرێت.. وا بڕوات وەرگرتنەوەی قەرز لە سەرمایەداران 100 ساڵی دەوێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share