توێژینەوەیەكی پزیشكی دەریخستووە، گوڵی شەقایق دەتوانێت چارەسەربێت بۆ نەخۆشیی مەلاریا، کە یەکێکە لە نەخۆشییە بەربڵاوەکان لە وڵاتانی هێڵی کەمەرەیی و نیمچە کەمەرەیی زەوی.
بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵی 2020دا 241 ملیۆن کەس لەجیهاندا تووشی مەلاریا بوون و لەو ژمارەیەش لانیکەم 627 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، تا ئێستا ئامارەكانی 2021 لەبەردەستدا نین.
توێژینەوەیەکی نوێ بەهاوبەشی لە نێوان زانکۆکانی ئەڵمانیا، هیندستان و ئەسیوپیا ئەنجامدراوە، دەریدەخات، گوڵی شەقایق دەتوانێت ببێتە چارەسەر بۆ نەخۆشیی مەلاریا، لەگەڵ ئەوەشدا زانایان نەگەیشتوونەتە وردەکاریی ئەوەی کام پێکهاتە لە گوڵەکەدا چارەسەرەکەی هەڵگرتووە و کاریگەریی لەسەر بەکتریای نەخۆشییەکە دەبێت.
توێژەران لەتوێژینەوەکانیاندا چارەسەرەکانی مەلاریا و گوڵی شەقایقیان بەکارهێناوە بۆ ژمارەیەک مشک دوای ئەوەی تووشکراون بە بەکتریای مەلاریا، بەجۆرێک، بەشێک لە مشکەکان چارەسەری کلۆرۆکین-یان بۆ بەكارهێنراوە، کە چارەسەرێکی کاریگەرە لەسەر مەلاریا، بەشێکی دیکەشیان گوڵی شەقایق-یان بۆ بەکارهێنراوە.
ئەنجامەکان دەرکەوتووە ئەو مشکانەی گوڵەكەیان بۆ بەکارهاتووە کێشیان کەمتر دابەزیوە و کەمتر پلەی گەرمیی جەستەیان بەرزبووەتەوە، هەروەها نیشانەکانی دیکەی نەخۆشییەکە زیاتر جێگیر ماونەتەوە وەک لەوانەی دیکە، کە بەرەو خراپبوون چوون.