کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی گۆڕینی ناوی کەرکوک لە کۆبوونی بەنزیندا بۆ تەئمیم بڵاوکردەوە، ڕەتیدەکاتەوە ناوەکەیان گۆڕیبێت و دەڵێت، بابەتەکە پەیوەندیدارە بەو ئۆتۆمبێلانەی ساڵنامەكەیان نوێنەكراوەتەوە.
چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە لە کۆبوونی نوێی بەنزین لە شاری کەرکوک، لەبری ناوی کەرکوک، تەئمیم بەكارهاتووە، کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوکیش بەولایەنە ناوبراوە کە گۆڕانکارییەکەی ئەنجامداوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک ڕەتیدەکاتەوە ئەوان ناوەکەیان گۆڕیبێت، ڕایگەیاندووە، “بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین، چاپكردنی كۆبوونی بەنزین لەسەر بنەمای زانیارییەكانی ساڵنامەی ئۆتۆمبێلەكان تۆماردەكرێن، بۆ ئەمەش بەشێك لەو كۆبوونانەی بە “التامیم” تۆماركراون، ساڵنامەكانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی كەركوك نوێنەكراوەتەوە”.
بۆیە کۆمپانیاکە ڕوونیكردووەتەوە، ناچارە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی ساڵنامەکانیان هێشتا تەئمیمە، هەمان ناو لە کۆبوونەکاندا بەکاربهێنێت، دەڵێت، “ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆكانیان هێشتا بە التامیم نووسراون، ناتوانین گۆڕانکاریی لە سیستمەکەیدا بكەین و ئەو بابەتە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، كاركردنی ئێمەش لەچوارچێوەی ڕێنماییەكانی وەزارەت و حكومەتە، كە پشت بە یاسا و دەستوور دەبەستێت”.
کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک داواش لە میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان دەکات، وردبینبن لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەكانیان و دووربكەونەوە لە هەواڵی بێ بنەما.