وەزارەتی کارەبای هەرێم ئاماری جیاوازیی نێوان سێ ساڵی کارکردن و بەرهەمهێنان و پێدانی کارەبای بڵاوکردەوە، بەپێی ئەو ئامارە لە ساڵی 2018وە تا ئێستا سێ کاتژمێر پێدانی کارەبا زیادیکردووە.
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی کارەبا، بەرهەمهێنانی کارەبا لەو سێ ساڵەدا (2018-2021) نزیکەی 26% بەرزبووەتەوە، ژمارەی هاوبەشانی کارەباش نزیکەی 21% زیادبووە، هەروەها کاتەکانی پێدانی کارەبا زیاتر لە 22% زیاد بووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەت بێت، بەرهەمهێنانی كارەبا 5% زیاتر بووە لە زۆربوونی ژمارەی هاوبەشان.
وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە، داهاتی کارەبا زیاتر لە 185% بەرزبووەتەوە و لەماوەی سێ ساڵدا 690 مێگاوات کارەبا زیادیکردووە، دەشڵێت، ساڵی ڕابردوو 17 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دراوەتە هاوبەشان.