خاڵی ناكۆكی نێوان سەدر و چێوەی هەماهەنگی ئاشكرادەكرێت

هادی عامری و موقتەدا سەدر

سەركردەیەكی هاوپەیمانیی فەتح ناكۆكیی نێوان موقتەدا سەدر و چێوەی هەماهەنگی دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ئاشكرادەكات.

فازڵ فەتلاوی، سەركردە لە هاوپەیمانیی فەتح ڕایگەیاند، خاڵی ناكۆكی نێوان موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر و لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، شێوازی حكومەتەكەیە، سەدر دەیەوێت حكومەتی زۆرینە بێت و چێوە دەخوازێت حكومەتی تەوافوقی بێت.

بەپێی وتەی فەتلاوی ئەم جیاوازییە قابیلی چارەسەر و ڕێككەوتنە لەڕێی گفتوگۆ و وتووێژی بەردەوامی نێوان هەردوولا.

سەركردەكەی فەتح دەڵێت، “هیچ ناكۆكییەك دەربارەی كەسی سەرۆك وەزیرانی نوێ لەئارادانییە، تا ئەم چركەیە تاوتوێی ئەم دۆسیەیە نەكراوە، هەموو گفتوگۆكان تایبەتن بە شێوازی حكومەت و كێ بەشداردەبێت تیایدا، ئەم دۆسیەیەش لە ماوەی چەند ڕۆژی كەمی داهاتوودا چارەسەردەبێت، باوەڕمان وایە كاروبارەكان بەرەو حكومەتی تەوافوقی دەڕۆن و هەموو هێزەكان ئەو خواستەیان هەیە”.

چوارشەممەی ڕابردوو 29ی كانوونی یەكەم شاندێكی چێوەی هەماهەنگی بەسەرۆكایەتیی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح سەردانی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدری كرد.

كۆبوونەوەكە لەسەر داوای موقتەدا سەدر لە ماڵەكەی خۆی لە حەنانە لە نەجەف بەڕێوەچوو، جگە لە عامری، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق و فالح فەیاز سەرۆكی هاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانی ئامادەیبوون و مەبەست لێی تاوتوێكردنی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بوو.

كەمێك دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا ڕایگەیاند، “حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی پێكدەهێنین كە نە خۆرهەڵاتی و نە خۆرئاوایی بێت”.

بابەتی پێشتر

توركیا ساڵی ڕابردووی بە هەڵاوسان كۆتاییپێهێنا و ساڵی نوێی بە بەرزكردنەوەی نرخ ‏دەستپێكرد

بابەتی دواتر

گۆڕان: تا دوا بڕیاری سیاسی تیمی گۆڕان لە حكومەتدا بەردەوام دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share