جەنگ و ململانێکان لەماوەی دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بەرزبوونەوەی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەپێی داتاکان، لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کڕینی چەک لەلایەن وڵاتانەوە بۆ ئاستێکی بەرز زیادیکردووە، ڕاپۆرتێكی بەریتانی ناوی چەند وڵاتێكی ئاشكرا و ڕیزبەند كردووە كە ئەگەری هەیە لەمساڵدا تووشی جەنگ بن، زۆربەی وڵاتەكان لە كیشوەری ئاسیان، ئەوروپا و ئەفریقاشیان تێدایە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی ئیندپێندنت-ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لەجیهاندا ئاوارەبوون بەهۆی جەنگ و ململانێکان و دۆخی سەختی ئابوری و نائارامیی سیاسییەوە، خۆی دەدات لە 84 ملیۆن کەس.
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، 274 ملیۆن کەس لەسەرتاسەری جیهاندا پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی دەبێت لەساڵی 2022دا، کە ئەوەش چوار هێندەی ئەو ژمارەیەیە لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا پێویستیان بەهاوکاریی مرۆیی هەبووە.
بەپێی ڕۆژنامەکە، مایەی سەرسووڕمان نییە کە لە ئەمساڵدا جەنگ و ململانێ و قەیرانەکان بەرەو بەرزبوونەوە بڕۆن، ناوی ئەو وڵاتانەشی ڕیزبەند كردووە كە دەکرێت گەرمترین ڕووداوەکانی 2022 تیایاندا ڕووبدات.
تایوان
ئەم ناوچەیە کە ڕووبەرەکەی 36 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، تائێستا خەونی حزبی شیوعیی حوکمڕانی پەکینە، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆر لە شارەزایان پێیانوایە لەمساڵدا پەکین هێرش بۆسەر تایوان ئەنجامنادات، بەڵام لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی پەکین نیگەرانییەکی زۆری دروستکردووە.
ئالی وەین، توێژەر لەبواری وڵاتانی ئۆراسیا ڕایگەیاند، “ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەسەر کێشەی تایوان لەمساڵدا ئەگەرێکی لاوازە”، لەگەڵ ئەوەشدا کۆڵین کلارک شیکەرەوەی جیهانی و شارەزای ئەمنی لە سەنتەری سۆڤان بۆ ڕاوێژکاری لە واشنتۆن ڕایگەیاندووە، هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی لەو ناوچەیە بۆ هەموو جیهان وێرانکەر دەبێت، بۆیە ئەوێ یەکێکە لەو شوێنانەی دەبێت بەوردیی چاودێریی بکرێت.
ئێران
وڵاتانی زلهێزی جیهان لە هەوڵی زیندووكردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی 2015دان، جیهان چاودێریی ئەوەدەکات ئایا ئەو هەوڵانە سەرکەوتوودەبن یان نا؟
هەر هێرشێکی مووشەکیی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کاریگەریی لەسەر ناوچەیەکی بەرفراوان دەبێت، بەتایبەت لەئێستادا کە سوپای پاسداران لەپاڵ حکومەتەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی-دا، دەستیان بەسەر هەموو دەسەڵاتەکانی وڵاتەکەدا گرتووە، بۆ هەر جەنگێکیش لەداهاتوودا توانای ڕاکێشانی گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێرانی لە عێراق، سوریا و لوبنان هەیە.
کۆریای باکوور
ساڵی 2022 دەکرێت ئەو ساڵە بێت کە تیایدا توانای داینامیکیی کۆریای باکوور کۆتاییبێت، ئەمەش هاوشان دەبێت لەگەڵ جەنگ، یان داڕمانی ئابوری، هەریەکە لەو دوو حاڵەتەش دەبێتەهۆی کارەساتی مرۆیی لە کۆریای باكوور.
ئۆکرانیا
زیاتر لە حەوت ساڵە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا هەوڵی ئەوەدەدات فراوانخوازییەکانی لە هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەدیبهێنێت، کە ڕوسیا بە بەشێک لە مێژووی سۆڤیەتی دادەنێت.
لەگەڵ ئەوەدا کێشەی ئۆکرانیا بووەتە جێگەی بایەخی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و ناتۆ بە گشتی، کە دەکرێت هەر هەنگاوێکی سەربازیی ڕوسیا بەو ئاراستەیە بەسوودی ئۆکرانیا بشکێتەوە بەهۆی پاڵپشتیی زۆری ناتۆ لە كیێڤ.
ئەفغانستان
بەپێی بۆچوونی بەشێک لە شیکەرەوەکان، ئەفغانستان دەکرێت ببێتە ناوچەیەکی نوێی جەنگ و ناکۆکی، هەرچەندە ئێستا لەسەردەمی حوکمی تاڵیباندا، لە ڕووی ئەمنییەوە لەجێگیرییەکی کاتیدایە.
بەهۆی ئەوەی ئێستا ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەفغانستان لەقەیرانی خۆراکدان، ئەمەش پێشبینییەکان بەرەو ئەوەدەبات کە لەمساڵدا ئاوارەبوون و کۆچ لە ئەفغانستان بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبکاتەوە و کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی ئابوری و ئەمنی هەبێت.
بەشێکی كیشوەری ئەفریقا
شەڕ و ناکۆکییەکانی ئەمدواییەی ئەسیوپیا، سودان و سۆماڵ و بەشێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا نیگەرانیی لای چاودێران دروستکردووە، لەوبارەیەوە جۆرج ڕیدینجز دەڵێت، “دۆخی ئێستای ئەو وڵاتانە زۆر نیگەرانکەرە، لەمساڵدا زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ دەستێوەردانی نێودەوڵەتی زیاتر دەبێت، هاوشانی ئەوەش کارەساتی وشکبوونەوە و بێئاوی لەو ناوچانە دەبینین”، بەپێی ڕاپۆرتەكەی ئیندپێندنت.
لیبیا
لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە لیبیا، کە بڕیاربوو لە مانگی ڕابردوودا ئەنجامبدرێت، هەروەها بوونی گرووپە چەکدارەکان لەسەرتاسەری وڵاتەکەدا، لیبیا تائێستاش ناوچەیەکی جێگە نیگەرانی و ئاڵۆزییە لەلای وڵاتانی جیهان.
بەپێی چاودێران، قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان و شەڕی تائیفی لە وڵاتەکە بەردەوام دەبێت لەبەرزبوونەوە، ئەمەش شەپۆلێکی کۆچ و ئاوارەبوون لەدەست جەنگ، هەژاری و برسێتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.