میدیاکانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە دەرکەوتنی یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی فلۆرۆنایان لەو وڵاتە ڕاگەیاند، کە نەخۆشییەکە تێکەڵەیە لە هەردوو ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەنفلوەنزا، وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەش ترسی خۆی لە ڤایرۆسە نوێیەکە نەشاردووەتەوە.
تائێستا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هیچ لێدوانێکی لەبارەی نەخۆشییەکەوە نەداوە، بەڵام ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لە نەخۆشییەکە دەکات، دەیەوێت بزانێت ئایا گۆڕاوێکی نوێی کۆرۆنایە؟ مەترسییەکانی چین؟
ڕۆژنامەی یەدوعوت ئەحرونوت-ی ئیسرائیلی لەزاری سەرچاوە پزیشکییەکانی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، ئەو نەخۆشییە نوێیە لە هەردوو ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەنفلوەنزا بەیەکەوە سەریهەڵداوە.
بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە، مەترسیی ڤایرۆسەکە دەکرێت بەوجۆرەبێت کە ببێتەهۆی جۆرێکی مەترسیداری ئەنفلوەنزا و هۆکاربێت بۆ هەوکردنی سییەکان و کێشەکانی دیکەی کۆئەندامی هەناسە و هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ و تەنانەت مردن.
تائێستا وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل بەدواداچوون بۆ نەخۆشییەکە دەکات و هیچ زانیارییەکی لەبارەی مەترسییەکانی نەخۆشییەکە، یان کۆبوونەوەی ئەو دوو ڤایرۆسە بەیەکەوە و بوونی بە هۆکاری نەخۆشییەکی مەترسیدار ئاشکرانەکردووە.
دوای تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی نەخۆشیی فلۆرۆنا لە ئیسرائیل، سەرچاوە تەندروستییەکانی وڵاتەکە ئاشکرایانکرد، ئەگەری هەیە حاڵەتی دیکەی نەخۆشییەکە هەبێت، بەڵام تائێستا دەستنیشان نەکراون.
سەبارەت بە نیشانەکانی ئەو دوو ڤایرۆسە، دکتۆر وەجدی ئەمین پسپۆڕی نەخۆشییەکانی سنگ دەڵێت، ئەو حاڵەتانەی تائێستا لەجیهاندا تۆمارکراون، تووشبووی کۆرۆنا یان ئەنفلوەنزان، بەڵام ئەمە یەکەم حاڵەتە لەجیهاندا تووشبووی هەردوو ڤایرۆسەکە بێت بەیەکەوە، نیشانەکانی هەردوو نەخۆشییەکەشی تێدا دەرکەوتبێت.
سەبارەت بە چارەسەرەکەشی ڕایگەیاندووە، بۆ ئەم دۆخە دەبێت چارەسەری هەردوو ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەنفلوەنزا بدرێت بە تووشبووەکە، سەرەڕای ئەوەش پێویستی بە چارەسەری زیاتر و چاودێریی بەردەوام هەیە، تاوەکو گۆڕانکارییەکان لە کەسی تووشبوودا دیاریبکرێت.