زانینی چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو ئەستەمە، بەڵام دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەرپرسێكی باڵای حكومی دڵنیایی دەدات.
موزهر محەمەد ساڵح، یاریدەدەری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دارایی ڕایگەیاند، هیچ مەترسییەك لەئارادانییە دەربارەی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بێ جیاوازی لە ساڵی ئایندەدا.
وتیشی، “جێبەجێكردنی یاسای كارگێڕیی دارایی (الادارة المالية) ڕۆڵی خۆی دەبینێت لە ڕێكخستنی داهات و خەرجیی گشتی بەپێی باشترین جێبەجێكردن و ڕێوشوێنە بەردەستە پەیڕەوكراوەكان، كە پشتدەبەستێت بە پێوەرە ڕێژەی 1/12 (یەك لەسەر 12) لە خەرجیی گشتی كە لە ساڵی 2021دا هەبووە”.
بەپێی وتەی یاریدەدەرەكەی سەرۆك وەزیران لە پێشینەی ئەو خەرجییانەش دابینكردنی مووچە و كرێ و مینحە و مووچەی خانەنشینی و چاودێریی كۆمەڵایەتییە، بەپێی ئەو خشتە و ئامارانەی مانگانە لەلایەن لایەنە حكومییەكانەوە دەدرێتە وەزارەتی دارایی، كە هاوشێوەی ساڵی پێشتر دەبێت.
دڵنیاكردنەوەی مووچەخۆرانی عێراقی دەربارەی مووچەكانی ساڵی ئایندەیان لەكاتێكدایە، مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی دوایین مانگی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە.
دەنگۆكانی بڕینی ئەو 200 ملیارەی لەمساڵدا لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەرێم دەنێردرا، ئەو ترسەی لای فەرمانبەران دروستكردووە كە پێدەچێت بڕینی مووچە یان دواكەوتنی، یان هەردووكیان پێكەوە لە ساڵی ئایندەدا دەستپێبكاتەوە.