تەندروستیی عێراق گەڕانەوە بۆ قەدەغەی هاتوچۆ و خوێندنی ئەلیکترۆنی بەدووردەزانێت

تەندروستیی عێراق بەدووری دەزانێت جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ قەدەغەی هاتوچۆ و ‏خوێندنی ئەلیکترۆنی بەهۆی تۆمارکردنی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنەوە. ‏

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح-ی ‏نیمچەفەرمی ڕایگەیاندووە، وەزارەت هیچ نیازێکی نییە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی قەدەغەی ‏هاتوچۆی گشتی و نیمچەیی، یان خوێندن بەشێوەی ئەلیکترۆنی.‏

ڕوونیكردەوە، ئێستا زیاتر چاویان لەسەر ئەوەیە ڕێژەی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا زیاتر ‏بکەن، لەحاڵەتی تۆمارکردنی هەر حاڵەتێکی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنیشدا، پشتدەبەستن بە ‏ئامۆژگارییەکانی لیژنەی باڵای تەندروستی، بەمەبەستی بڕیارێکی دروست لەوبارەیەوە.‏

بۆ زیاتركردنی ڕێژەی خۆڤاكسینكردن، وتەبێژی تەندروستیی عێراق وتی، لەماوەی دوو ‏ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک بنکەی دیکەی خۆڤاكسینكردنیان کردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی ‏لیژنەیەکی کوتان هەیە تایبەت بە دامودەزگا حکومییەکان.‏

دووپاتیشیكردەوە، وەزارەتی تەندروستی دەتوانێت هەر گۆڕاوێکی نوێی کۆرۆنا ‏دەستنیشانبکات لەڕێگەی پێشخستنی تاقیگەکانیەوە، بۆیە دڵنیایی دا لەوەی کێشەی ‏دەستنیشانکردنی گۆڕاوەكەیان نییە.‏

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

رەنگە نەخۆشیی زەهایمەر لە رێگەی چاندنی ئەندامەکانی جەستەوە بگوازرێتەوە

توێژینەوەیەکی کەنەدی ئاشکرایکردووە، بەهۆی ئەوەی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ جیناتەکان هەڵدەگرن، دەکرێت نەخۆشیی زەهایمەر لە رێگەی چاندنی ئەندامەکانەوە بگوازرێتەوە…
Total
0
Share