شارەزایانی ئابوری پێشبینی دەکەن تێکڕای هەڵاوسانی ئابوری لە تورکیا بۆ سەروو 30% بەرزببێتەوە، ئەوەش بۆ یەکەمجارە لەدوای ساڵی 2003وە ئەو ئاستە تۆماربکات.
بەپێی بەدواداچوونێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز لەوبارەیەوە، کە بۆچوونی 13 ئابوریناسی وەرگرتووە، تێکڕای هەڵاوسانی ئابوریی تورکیا لەم مانگەدا دەگاتە 30.6%، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە دوای ئایاری ساڵی 2003وە تۆماریکردووە.
پێشبینییەکانی ئابوریناسان بۆ هەڵاوسانی ئابوری تورکیا لەنێوان 26.4% بۆ 37.3%دا بووە.
هەر بەپێی پێشبینییەکان، زیادەی نرخ لەسەر ئاستی مانگانە دەگاتە 9%، پێشبینییەکان بۆ ئەمە لەنێوان 5.5% بۆ 14.6%دایە.
لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی تورکیا گەیشتووەتە 20%، هۆکارەکەشی بۆ دابەزینی نرخی لیرە دەگەڕێتەوە، ئەوەش دوای کەمکردنەوەی ئاستێکی پێوانەیی لە سوودی بانکیی لیرەی تورکی لەو چەند مانگەدا.
لیرە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام بەهای بەرامبەر بە دراوە بیانییەكان لەدەستدەدا و نرخی یەك دۆلار گەیشتە نزیكەی 19 لیرە، بەڵام دوای چەند بڕیارێكی ئەردۆغان، نرخەكەی بۆ نزیكەی 11 لیرە بەرامبەر دۆلارێك بەرزبووەوە.