ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنها یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵات “یەرەکە” و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران چالاکیان هەبووە و لە پێکدادانەکاندا 16 گەریلا و پێشمەرگە شەهیدبوون و بەدیلگیراون.
لە ئەمساڵدا 12 جار پێکدادان لەنێوان حزبە کوردییەکان و سوپای پاسداراندا ڕوویداوە، لەو ژمارە پێکدادانە 13 ئەندامی حزبە کوردستانییەکان شەهیدبوون و سێ ئەندامی پژاک-یش بەدیلگیراون، ئەمە لە ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاودا هاتووە.
ئامارەکە نیشانی دەدات، 13 ئەندامی سوپای پاسداران لە پێكدادانەكان لەگەڵ حزبە کوردییەكاندا کوژراون، زۆرترین پێکدادانەکانیش لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ورمێدا بوون و سێ پێکدادانیش لە پارێزگای سنە بووە.
لە کۆی پێکدادانەکاندا 9 گەریلای پەکەکە و و لایەنە نزیكەكانی ئەو پارتە و هەروەها چوار پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران – حدكا شەهیدبوون.
لەگەڵ ئەو پێکدادانەدا ئێران و تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا بارەگاکانی یەرەکە و حزبەکانی دیکەی کوردستانی ئێرانیان بۆردوومانکردووە و دوو گەریلای یەرەکە لە سنوری پارێزگای سلێمانی شەهیدبوون.