وه‌زیرێكى پاكستان ڕه‌خنه‌ى توند له سه‌پاندنى كۆت و به‌نده‌كانى تایبه‌ت به ژنان ده‌گرێت كه له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه ده‌سه‌پێنرێت، وەزیرە پاكستانییەكە حكومەتەكەی تاڵیبان بە ” ڕژێمێکی توندڕەو” ناوده‌بات.
شودری فوئاد حوسێن، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان سه‌ركۆنه‌ى كۆت و به‌نده‌كانى سه‌ر ژنان له ئه‌فغانستان ده‌كات و بە ” بیرکردنەوەیەکی شێواو و هەڕەشە بۆسەر پاکستان ” ناویده‌بات، تاڵیبانیش بە “ڕژێمێکی توندڕەو” ده‌زانێت.
وه‌زیره‌كه‌ى پاكستان ده‌شڵێت، “دەمانەوێت بەتەواوەتی یارمەتی گەلی ئەفغانستان بدەین، بەڵام كاتێك بڵێیت ئافرەتان ناتوانن بە تەنها گەشت بکەن، یاخود بە تەنها بچن بۆ خوێندنگا و زانکۆکان، ئەم جۆرە بیرکردنەوە شێواوە هەڕەشەیە بۆسەر خودى ئه‌فغانستان و ته‌نانه‌ت پاکستانیش”.
ڕەخنەكانی وەزیرە پاكستانییەكە دوای ئەوە دێت، پێشتر وه‌زاره‌تى “فه‌رمانكردن به چاكه و دووركه‌وتنه‌وه له خراپه”ی ئەفغانستان، له بڕیارێكدا كه بۆ سه‌رجه‌م خاوه‌ن ئۆتۆمبێله‌كانى گواستنه‌وه‌ی ناردووە، فه‌رمانیكردووه هه‌ر ژنێك گه‌شتێك ئه‌نجامبدات كە له 72 كلیۆمه‌تر زیاتر بێت، پێویسته كه‌سێكى نزیكى خانه‌واده‌كه‌ى له‌گه‌ڵدابێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ناتوانێت بە ته‌نیا خۆی گه‌شته‌كه‌ى ئه‌نجامبدات و ڕێگه‌ى پێ‌نادرێت.
هه‌ر به‌پێی بڕیاره نوێیه‌كه‌ى تاڵیبان، مه‌رجى سه‌ره‌كیى گه‌شتكردنى ژنان ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت باڵاپۆش بن و له‌نێو ئۆتۆمبێله‌كانیشدا نابێت گوێ لە مۆسیقا بگیرێت.
له بڕیارێكى دیكه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى تاڵیباندا كه بۆ ژنانی ده‌ركردووه، هاتووە، ئه‌و ژنانەی كه له ته‌له‌ڤیزیۆنه‌كان كارده‌كه‌ن، ده‌بێت به باڵاپۆشییه‌وه بچنه سه‌ر كار.
وەزارەتەكە پێشتریش داواى له كه‌ناڵه‌كانى ته‌له‌ڤیزیۆن كردووه، هه‌ر درامایه‌ك كه ژن ڕۆڵی تێدا ده‌گێڕێت، ڕایبگرن.
سه‌ركرده‌كانى پاکستان چەند جارێک داوایان لە سەرکردەکانی تاڵیبان کردووە گوێ له نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگرن سەبارەت بە مافی ئافرەتان.