پەتاتەی خراپبووی ئێرانی لە وڵاتانی دراوسێیەوە دەگەڕێندرێتەوە

لەماوەی دوو مانگدا لە بەشێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێرانەوە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەتایبەت پەتاتە بەهۆکاری شیاونەبوون گەڕێندراوەتەوە و لەماوەی ڕابردووشدا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم هاوردەکردنی پەتاتەی قەدەغەکرد.

تا ئێستا وڵاتانی تورکمانستان و ئۆزباکستان و ڕوسیا بەرهەمی کشتوکاڵی ئێرانیان گەڕاندووەتەوە، بەتایبەت پەتاتە، کە گوماندەکرێت دەرمانی بەکارهاتووی بەخێوکردنی پەتاتەکەی تێدا مابێتەوە.

لەسەر ئەو پرسە ڕەحمان قەرەباش، جێگری بەڕێوەبەری ژووری هاوبەشی بازرگانیی نێوان ئێران و تورکمانستان، ڕایگەیاندووە، “ئێران پەتاتەی بۆ تورکمانستان نەناردووە، تەنها لە ئۆزباکستانەوە پەتاتەی ئێرانی گەڕێندراوەتەوە”.

بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی دەرەوەی ئێران، پاکستانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی بەرهەمی کشتوکاڵی ئێرانیان گەڕاندووەتەوە.

لە هەرێمی کوردستانیش دوو ڕۆژ پێش ئێستا قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ئەنجامی بەدواداچونە بەردەوامەكانی لیژنە هاوبەشەكان، لەلایەن لیژنەی عەلوەی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە دەستبەسەر 75 تۆن پەتاتەی خراپدا گیراوە كە بەهۆی كەڕوكردنییەوە، شیاوی خواردن نەبوو.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو بڕە پەتاتەیە لە دەرەوەی شاری سلێمانیەوە هاوردەكراوە، بەهۆی خراپ عەمباركردن و نەشیاوی شوێنەكەیەوە كەڕویكردووە و بۆ خواردن ناشێت.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) گه‌وره‌کانی پریمه‌رلیگ براوه‌ی هه‌فته‌ی 19 بوون

بابەتی دواتر

چێوه‌ى هەماهەنگى شیعەکان دەستپێشخەرییەکى نۆ خاڵییان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share