كوردستان.. دروستكردنی پوولێك بۆ پاپا توركیا و ئێران تووڕە دەكات

بڵاوبوونەوەی پوولێك كە وێنەی پاپای ڤاتیكان و نەخشەی كوردستانی گەورەی لەسەر نەخشێندراوە، توركیا و ئێران تووڕە دەكات و بە “هەڵە” و “نادۆستانە” ناوزەدی دەكەن.

دوای سەردانەکەی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان چەند پوولێکی بڵاوکردەوە كە یەكێكیان وێنەی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان و نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەر نەخشێندراوە، پوولەكە بەهاكەی 500 دینارە و وێنەیەكی پاپای لەسەرە و لەپشتی ئەویشەوە نەخشەی كوردستانی گەورە دەركەوتووە.

بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە پوولە، نیگەرانی و “تووڕەیی” توركیا و ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا، لەو بارەیەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئازار وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “لەنێو ئەو پوولانەدا کە بەبۆنەی سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق لەلایەن ئیدارەی هەرێمی کوردیی باکووری عێراق وەکو یادەوەری چاپکراون، پوولێک بینراوە کە وێنەی نەخشەیەکی تێدایە و چەند پارێزگایەکی وڵاتەکەمانیشی لەخۆگرتووە”.

حكومەتی توركیا لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیەوە ئەو كارە بە “هەڵەی مەترسیدار” ناوزەد كردووە و داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات ڕوونكردنەوە بدات و دەڵێت، “چاوەڕوانین پێگەکانی ئیدارەی هەرێمی کوردیی باکووری عێراق بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵە مەترسیدارە دەستبەجێ و بە روونی، روونکردنەوەی پێویست بدەن”.

هەرچەندە دوای كاردانەوەكەی توركیا، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەی خستەڕوو، كەچی كاردانەوەكان بەردەوامن و ئێران-یش دوای توركیا هاتەدەنگ.

ئێوارەی ئەمڕۆ و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو پوولەوە رایگەیاند “هونەرمەندان چەند دیزاینێکی پوولیان بۆ چاپکردن پێشکەش کردووە، بەڵام هێشتا هیچ دیزاینێک بۆ چاپکردنی پوول پەسەند نەکراوە”.

كەمێك لەمەوبەر، حكومەتی ئێران ناڕەزایی لەبارەی هەمان بابەتەوە دەربڕی و بە “نادۆستانە” ناوزەدی كرد.

سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “روون و ئاشکرایە ئەوەی کە بڵاوبووەتەوە پێچەوانەی بنەما و رێکارە نێودەوڵەتییەکانە.”

 خەتیب زادە وتی، “ئێران ناڕەزایی خۆی گەیاندووەتە حکومەتی عێراق و داوای کۆکردنەوە و چاککردنەوەی خێرای ئەو هەنگاوە نادۆستانەیە دەکات.”

ڕۆژی هەینی 5ی ئازار، پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان گەیشتە عێراق و دواتر سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد. ڕۆژی دووشەممە 8ی ئازار، پاپا فرانسیس كۆتایی بەسەردانەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان هێنا و لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدادەوە بەرەو ڕۆما بەڕێكەوت و لەوێشەوە گەڕایەوە بۆ ڤاتیكان.

بابەتی پێشتر

چوارقوڕنە.. پیاوێك لەناو بازاڕ تەقە لە ژنەكەی دەكات

بابەتی دواتر

مانچستەر سیتی 5-2 ساوزامپتن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share