سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لەو سێ بەلەمەی لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا لە ئاوەكانی یۆنان نوقمبوون، لە هەرسێ ڕووداوەكەدا نزیکەی 100 کەسیان خنکاون و بێسەروشوێنن، نازانرێت چەندیان كوردن، لە ڕووداوەكەی مانشیشدا 11 كۆچبەر تا ئێستا بێسەروشوێنن.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، لەبارەی ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە شەوی 21/22ی ئەم مانگە بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە بە 70 سەرنشینەوە نوقمبوو، دوای 30 کاتژمێر تەنها تەرمی 13 کەسیان دۆزراوەتەوە، ئەوانی دیکەیان سەرجەمیان بێسەروشوێنن”.
”هەروەها 23ی مانگ بەلەمێکی دیکە بە 80 کۆچبەرەوە نوقمبوو، کە تائێستا 12یان بێسەروشوێنن، دوێنێ 25ی کانونی یەکەمیش بەلەمێکی دیکە بە 100 سەرنشینەوە نوقم بوو، کە تائێستا 16 کۆچبەریان بێسەروشوێنن”، وەك ئەوەی بەکر عەلی ئاشكرایكرد.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، ”ئەوانەی لەو سێ بەلەمەدا دۆزراونەتەوە، ناسنامەکانیان تائێستا یەکلایینەکراونەتەوە، بۆیە نازانرێت چەند کەسیان کوردن و خەڵکی هەرێمی کوردستانن”.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان سەبارەت بە هێنانەوەی تەرمی ژمارەیەک کۆچبەری قوربانیی بەلەمە نوقمبووەكەی دەریای مانش-یش، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە نوقمبوونی ئەو بەلەمەی لە 25ی تشرینی دووەم لە دەریای مانشی نێوان فەرەنسا و بەریتانیادا، لەکۆی 31 قوربانی، 27 کۆچبەریان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون، ئەمڕۆ 16 لەوانە تەرمەکانیان گەیشتەوە هەرێمی کوردستان”.
بەکر عەلی ڕاشیگەیاند، “تائێستا تەنها تەرمی ئەمانە دۆزراونەتەوە و 11یان بێسەروشوێنن”.