ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسانی حكومی لەسەر پێدانی زانیاری و شەفافیەت ڕاسپارد

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەرپرسانی حكومی ڕاسپارد لە پێدانی زانیاری و شەفافیەتدا هاوكاریی زیاتر ڕۆژنامەنووس و هاوڵاتییان بكەن، هەروەك ڕێكارەكانی كۆنتڕۆڵكردنی نرخی سوتەمەنی تاوتوێكرد.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک كۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە دیدارەکەی لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دا و وەزارەت و بەرپرسانی حکومەتی ڕاسپارد، هاوکاری زیاتری دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەن و ئاسانکاری پێویستیان پێشکەش بکەن و زیاتر زانیاری و ڕوونکردنەوە دەربارەی کار و چالاکییەکانی حکومەت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی کوردستان بگەیەنن.

لای خۆیەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای پشتگیریکردنی لە وتەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری کاراکردنی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان ژمارە 11ی ساڵی 2013 کرد، ئەویش لە ڕێگەی دەرکردنی ڕێنمایی ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاساکە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی سیستماتیک، بابەتی پێدانی زانیاریی دروست بە ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیيان ڕێکبخرێتەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی دەربارەی ڕێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی نەخۆشیەکانی سکچوونی توند و پەتای کۆلێرا و کۆنتڕۆڵکردنیان خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی ڕاپۆرتەکەی پەسەندکرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێکارەکانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە و چارەسەرکردنی سەرچاوە و هۆکاری نەخۆشیەکە.

پاشان کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت دەرەنجامی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی سەبارەت بە کێشەی بەنزینی خستەڕوو. سەرۆک وەزیران وەزارەتەكەی ڕاسپارد بەردەوامبن لەسەر ئەو ڕێکارانە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و کۆنتڕۆڵکردنی نرخی سوتەمەنی، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی لەسەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان تا 2022/9/30 وەک (ئارد، برنج، زەیتی خواردن، ڕۆنی بەستووی ڕووەکی و ئاژەڵیی، چای ڕەش، شەکر، پاقلەمەنی وشک (نۆک، نيسك، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیا و ماش) و شيری منداڵان بە هەموو جۆرەکانییەوە). هەروەها ئاسانکاریی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ دابینکردنی گۆشتی سوور لە ڕێگای هەڵپەساردنی مەرجی بەدەستهێنانی مۆڵەتی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ گۆشتی سوور تا 2022/10/17 بە ڕەچاوکردنی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان.

لە بڕگەی چوارەمی کۆبونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی پابەندبوونی حکومەتی بە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارە 5ی ساڵی 2015 کردەوە و بڕیاردرا بە دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاساکە، لە پێناوی پاراستن و پارێزگاریکردنی ئەو ناوچانەی پێکهاتە جیاکانی هەرێمی کوردستان تێیدا جێگیربوون.

لە بڕگەی کۆتاییدا، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی خستەڕوو سەبارەت بە پێویستی و گرنگی بەردەوامبوونی پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و برەودان بە شەفافیەت لە ڕێگای بەردەوامی خستنەبەردەستی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە زانیاری و ژمارەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت و گاز بۆ ڕای گشتی. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی پڕۆژەی ئێستای تایبەت بە وردبینی و پێداچوونەوەی قۆناغەکانی نەوت و گاز و داهات و خەرجیيەکانی.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید چۆن ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ دەکات؟

بابەتی دواتر

دەنگۆی بەكۆمەڵ كوشتنی ژمارەیەك كۆچبەری عێراقی ڕەتدەكرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share