وەزیری دەرەوەی عێراق لە سەردانێکیدا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، داواکارن ئێران و ئەمریکا بچنەسەر مێزی گفتوگۆ، چونکە نزیکبوونەوەی ئەو دوو لایەنە کاریگەری لەسەر دۆخی ئەمنیی عێراق هەیە.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمیر عەبدولاهیان، هاوتا ئێرانییەکەی ڕایگەیاند، “ئەگەر ئەمریکا و ئێران بتوانن لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە، ئەوە ئەو شتەیە کە عێراق دەیەوێت، چونکە دوورکەوتنەوەی ئەو دوو هێزە کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت”.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی، “پرسی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ عێراق بابەتێکی دەرەکی نییە، بەڵکو ئەوە پرسێکی ناوخۆییە و وا لە قەڵەمدەدرێت”.
فوئاد حسێن ئەمریکییەکان و ئێرانییەکانی بە برای عێراقییەکان ناوبردووە و ڕایگەیاندووە، “ئەگەر براکانیان گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەستپێنەکەن لەسەر ناکۆکییەکانیان، ئەوا دۆخی عێراقیش بە ناسەقامگیری دەمێنێتەوە”.