بەهۆی فشارەوە بۆ چوارەم جار لێكۆڵینەوە لە تەقینەوە گەورەكەی لوبنان ڕاگیرا

لێكۆڵینەوە لە تەقینەوە گەورەكەی بەندەری بەیروتی لوبنان بۆ چوارەمین جار هەڵپەسێردرا، هۆكارەكەشی فشار و دەستێوەردانی سیاسییە، چونكە سەرۆك وەزیران و كاربەدەستانی تری حكومەت تۆمەتباركراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە تاڕق بەیتار لێكۆڵەرەوەی نێودەوڵەتی لە كەیسی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت، لێكۆڵینەوەكەی دواخست، هۆكاری دواخستنەكەی ئەمجارە، داواكاریی دوو وەزیری پێشووی حكومەتی لوبنانە كە داوایانكردووە كەیسەكە بگواسترێتەوە بۆلای دادوەرێكی دیكە.

ڕۆژی چواری ئابی 2020 تەقینەوەیەكی گەورە لە بەندەری بەیروت ڕوویدا، بەهۆیەوە 215 كەس كوژران و 6500 كەس برینداربوون، 300 هەزار کەس ماڵ و شوێنی مانەوەیان بۆ ماوەیەکی کاتی جێهێشت، 73 هەزار شوقەی نیشتەجێبوون ڕووخان و 9 هەزار و 200 باڵەخانەش زیانیان بەرکەوت، 70 هەزار کەسیش کارەکانیان لەدەستدا.

هۆكاری تەقینەوەكە گەڕێندرایەوە بۆ ئەمباركردنی بڕێكی زۆری نیتراتی ئەمۆنیۆم بەشێوەیەكی نادروست، ئەوكات چەندین بەرپرسی سیاسی و ئەمنی و دادوەریی لوبنان تۆمەتباركران بەوەی پێشوەختە ئاگاداری ئەوە بوون كە كەرەستەكان بەبێ ڕەچاوكردنی سەلامەتی هەڵگیراون و بە مەترسییەكەیان زانیوە، بەڵام هیچ ڕێككارێكیان نەگرتووەتەبەر.

دوای سپاردنی لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە بە تاڕق بەیتار كە لێكۆڵەرەوەیەكی نێودەوڵەتییە، چەندین كەسایەتی حكومیی لوبنان و حزبوڵڵا و بزوتنەوەی “ئەمەل” ناڕەزاییان دەربڕی و سكاڵایان لەدژی تۆماركرد و داوادەكەن كەیسەكەی لێوەربگیرێتەوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە بەیتار سەرۆك وەزیرانی لوبنان و چەندین وەزیری بە كەمتەرخی و تێوەگلان لە كەیسی تەقینەوەكە تۆمەتباركردووە.

دوای ڕووداوەكە بە ماوەیەكی كەم، ڕۆژنامەی “دێر شپیگڵ”ی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی خاوەنی کەشتیی “ڕوسوس” بووە، کە كۆنتێنەری نیتراتی ئەمۆنیۆمی تێدابووە و تەقیوەتەوە، ناوی شارالامبوس مانولی بووە، پیاوێکی بەڕەچەڵەک قوبڕسییە و بەپێی لێکۆڵینەوەکان مانولی پەیوەندیی هەبووە لەگەڵ بانکێکی سەربە حزبوڵڵای لوبنانی.

هەر ئەوكات شارەزایانی ئەمریکی ئاشکرایانکرد، خاوەنی ئەو کەشتییە پێشتر کاری سپیکردنەوەی پارەی لە بەرژەوەندیی حزبوڵڵای لوبنانی کردووە.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. كەسێك بە دراوی ساختەی 25 هەزار دیناری و 10 هەزار دینارییەوە دەستگیركرا

بابەتی دواتر

چاودێری کۆمەڵایەتیی هەولێر: هەواڵی لێدان لە "تاتە برایم" دوورە لە ڕاستییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share