لەگەڵ ‘چێوەی هەماهەنگی’ حكومەتی نوێیان تاوتوێكرد
یەكێتی جەختی لە حكومەتێكی خزمەتگوزار كردووەتەوە

هەردوو شاندی یەكێتی و چێوەی هەماهەنگی لە هەولێر

شاندێكی چێوەی هەماهەنگیی شیعەكان لە هەولێر سەردانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی كرد، ‏پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێكرد، یەکێتی جەختی لەسەر حکومەتێک ‏كردووەتەوە، کە خزمەتگوزار بێت و چاکسازیی ڕاستەقینە ئەنجامبدات.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، هەوڵ و هەنگاوەکانی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی ‏حکومەتى نوێى عێراق دەچنە قۆناغی پراکتیکیەوە، لەو میانەیەشدا ئەمڕۆ لەشارى ‏هەولێر، قوباد تاڵەبانی و عیماد ئەحمەد، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی، بەیاوەریی ‏شاندێكی باڵای حزبەكە، پێشوازییان کرد لە شاندێكی باڵاى چێوەى هەماهەنگی ‏بەسەرۆکایەتی نورى مالکی.‏

لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەى دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان و قۆناغی دوای ‏هەڵبژاردنەکان و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتى نوێى عێراق، لەوبارەیەوە شاندی ‏میوان، بۆچوونی هێزەکانی چێوەى هەماهەنگیان خستەڕوو لەپێناو بەدیهێنانی هاوسەنگیی ‏سیاسی، کە پێویستە بۆ زامنکردنی گێڕانەوەى سەقامگیریی سیستمی سیاسی.‏

هەردوولا پێویستیی بەردەوامبوون لەسەر هەوڵەکانی نزیککردنەوەی بۆچوونی لایەنە ‏سیاسییەکانیان دووپاتکردەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە گشتییەکان، کە ئەوەش بە ‏حکومەتێکی خزمەتگوزار دەکرێت کە داخوازیی ھاوڵاتیان بە‌دیبھێنێت، هاوکات جەختیش ‏لەسەر شەراکەت و هاوسەنگی لە پرۆسەى حوکمڕانیدا کرایەوە.‏

لە کۆبونەوەکەدا یەکێتی بە شاندی میوانی ڕاگەیاند، “ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی ‏کوردستان لەسەر ڕێبازی سەرۆک مام جەلال بەردەوامین و لەگەڵ چارەسەرکردنی ‏گرفتەکانین لەڕێی گفتوگۆ و یەکخستنی ڕیزەکان لەپێناو گەلانی عێراق بەگشتی”.‏

باسیان لەوەشکردووە، شاندێكی یەکێتی دەچێتە بەغداد بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ ‏لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتێک، کە توانای خزمەتکردنی هاوڵاتییانی ‏هەبێت و هەروەها بتوانێت ڕووبەڕووی مەترسییەکانی داعش ببێتەوە، لەگەڵ بنبڕکردنی ‏گەندەڵییەکان و چاکسازیی ڕاستەقینە ئە‌نجامبدات.‏

بابەتی پێشتر

بە پێنج ساڵ یەک ملیار بەکارهێنەر

بابەتی دواتر

توركیا هێرشی زەمینی بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان دەستپێكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share