هەڵبژاردەی جومبازی فەرەنسا بە فەرمی کشانەوەی لە پاڵەوانیەتی ئەوروپا ڕاگەیاند، کە بڕیارە کانونی یەکەمی لە تورکیا ئەنجامبدرێت.
بڕیارە لە نۆ بۆ 20ی کانونی یەکەم لە باشووری تورکیا پاڵەوانیەتی جومبازی ئەوروپا بە بەشداری زۆرینەی وڵاتانی کیشوەرەکە ئەنجامبدرێت، بەڵام لە ئێستادا کێشەی دیپلۆماسی و سیاسی لەنێوان هەردوو وڵاتی فەرەنسا و تورکیا هەیە، کێشەکان پەیوەندیدارن بە بارودۆخی سوریا و لیبیا، هەروەها ئەو کێشە گەورەیەی لە نێوان گۆڤاری چارلی ئیبدۆی فەرەنسی و ڕەجەب تەیب ئاردۆغانی سەرۆکی تورکیا و موسوڵمانانی ئەو وڵاتە دروستبوو.
ڕۆژنامەی لو فیگارۆ هۆکاری کشانەوەی جومبازی فەرەنسا لە پاڵەوانیەتی ئەوروپا بۆ کێشە سیاسییەکان دەگەڕێنێتەوە، لەم بارەیەوە کیڤن ڕوپۆی ڕاهێنەر دەڵێت، ” ئاگاداری خراپی بارودۆخی تەندروستی و کێشەکانی نێوان دوو وڵاتەکەین، چاوەڕوانمان دەکرد وەزارەتی دەرەوە یان وەرزش بڕیارێكی جیاوازبدەن، ئەم پاڵەوانێتیە ئامادەکارییە بۆ ئۆڵۆمپیاد، مادام بەشداریناکەین، دەبێت بە پەلە بیر لە ئامادەکاری و پاڵەوانێتیەکی دیکە بکەینەوە”.
جگە لە فەرەنسا، وڵاتانی ڕووسیا، سویسرا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئیسپانیا بەهەمان شێوە کشانەوەی خۆیان لە پاڵەوانیەتی ئەوروپا لە تورکیا ڕاگەیاندووە، هۆکارەکەشیان بۆ قەیرانی تەندروستی جیهانیی گەڕاندووەتەوە.