تەرمی 16 كۆچبەری كورد لە فەڕەنساوە دەگەڕێندرێنەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ڕۆژی هەینی تەرمی ئەو 16 كۆچبەرەی لە ئاوەكانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا بوونە قوربانی دەگەڕێندرێنەوە هەولێر.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، کاژمێر 3:45 خولەكی بەرەبەیانی ڕۆژی ھەینی 24ی كانونی یەكەم تەرمی ئەو 16 قوربانییەی لە ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لە 24ی تشرینی دووەم بەهۆی نوقمبوونی بەلەمەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.

وتیشی، “گەڕاندنەوەی ئەو تەرمانە بەهۆی دواکەوتنی پرۆسەی ناسینەوە و پشتڕاستکردنەوەی پەنجەمۆرەکانیان ماوەی مانگێک دواکەوت”. وەك جوتیار عادل دەڵێت، كارەكە بە هەماهەنگی لە نێوان نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا لەگەڵ وەزارەتی داد و ناوخۆ و پۆلیس و تیمی لێکۆڵەرەوەی فەرەنسا ئەنجامدراوە.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم داواش لە هاونیشتمانیان دەکات نەکەونە داوی کەسانێک کە بازرگانی بە مرۆڤ دەکەن و جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو قاچاخچی و کەسانەی فریوی هاونیشتمانیان دەدەن بۆ ئەوەی وڵات بەجێبهێڵن، بێ وەڵام بەجێناهێڵێت و ڕووبەڕووی یاسایان دەکاتەوە تاوەکو بە سزای خۆیان بگەن.

لە 24ی تشرینی دووەمی ڕابردوو بەلەمێكی كۆچبەران لە ئاوەكانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا نقومبوو و بەهۆیەوە نزیكەی 30 كۆچبەر خنكان، كە تیایاندا ناو و ناسنامەی 17 كۆچبەری كورد ئاشكراكرا.

پێشتر ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، لەو 17 كۆچبەرە، 16یان خەڵکی باشووری کوردستانن و ئەوی تریان خەڵکی ڕۆژهەڵاتە.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی جیهانی هیواخوازە كۆرۆنا لە 2022دا كۆتایی بێت

بابەتی دواتر

بۆ یەكەمجار لێدوانێكی ئەردۆغان نرخی لیرەی بەرزكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
11
Share