حکومەتی هەرێم داوا لە بەغداد دەکات پارە بۆ قەرەبووی لافاوەکەی هەولێر تەرخانبکات

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، پارە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر تەرخانبکات.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، لیژنەی تایبەتمەند بە هەڵسەنگاندنی زیانەكانی لافاوەكەی هەولێر سەرژمێری و ئاماری خۆیان ئامادەكرد و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەو لیژنەیە، قەرەبووی تێكڕای زیانەكان پێویستی بە زیاتر لە 21 ملیار دینارە، ئەمەش ئەركێكی گرانە بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و هیوادارین حكومەتی عێراق لە بودجەی فریاگوزاری پارەیەكی بۆ تەرخانبكات و زوو هەنگاوی كرداری بنێن”.

لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی “الشرقیە”ـی عێراقی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاندووە، “وێڕای زیانی گیانی كە 12 كەس بوونە قوربانی و هەرگیز قەرەبوو ناكرێنەوە، بەپێی ئامارەکان، لافاوەكە بووەتەهۆی زیانگەیاندن بە زیاتر لە دوو هەزار و 500 ماڵ، ئەمە جیا لەوەی زیاتر لە 400 ماڵ بەتەواوی لەناوچوون و زیان بە زیاتر لە 150 شوێنی بازرگانی گەیشتووە و نزیكی 900 ئۆتۆمبێل نغرۆبوون، لەگەڵ زەوییەكی زۆری كشتوكاڵی، سەبارەت بە كەرتی حكومیش، زیانێكی زۆری بەر قوتابخانە، شەقام، پرد، بۆریی ئاو و وێستگەكانی گواستنەوەی كارەبا گەیاندووە”.

ساسان عەونی، سوپاسی ئەو هەماهەنگییەی نێوان فەرمانگەكانی حكومەتی كرد كە هەموویان وەك یەك تیم كاریان كردووە و لەگەڵیشیاندا هێزی پێشمەرگە و پاسەوانانی سنوور، ڕێكخراوە خێرخوازییەكان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كۆمپانیا گەورەكان هاوكاریی بەرچاویان پێشكەش كردووە.

بابەتی پێشتر

وشكبوونەوە زۆنگاوەكانی عێراق لە لیستی كەلەپووری جیهانی دەردەهێنێت

بابەتی دواتر

سبه‌ینێ "وه‌رگه‌ڕانى زستانه‌" ڕووده‌دات ‏

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share