بەهۆی كاریگەرییەكانی لافاوەوە دەستگیركرابوو.. خاوەنی گوندی كۆری لە هەولێر ‏ئازادكراوە

‏”دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامەی لابردنی زیادەڕۆیی و کەموکورتییەکان، ئازادکرا”‏

خاوەنی پڕۆژەی گوندی کۆری، كە لە لافاوەكەی پێشووتری هەولێر زیانێكی زۆر بەر دانیشتووانی پڕۆژەكە گەیشتبوو و بە زیادەڕۆییكردن و دەستكاریكردنی ڕێڕەوی ئاوەڕۆ تۆمەتباركرابوو، ئازادكراوە.

ڕۆژی 30/10 لە هەولێر لافاو دروستبوو و تیایدا دانیشتووانی گوندی كۆری زیانی زۆریان بەركەوت، هۆكارەكەی بۆ دەستكاریكردنی ڕێڕەوی ئاو و ئاوەڕۆ لەلایەن خاوەنی پڕۆژەكەوە گەڕێندرایەوە، بەوهۆیەوە دەستگیركرا و بڕیاردرا ڕێكاری یاسایی بگیرێتەبەر، بەڵام پارێزگاری هەولێر بۆ تۆڕی میدیایی ئێستای ئاشكراكرد، خاوەنی پڕۆژەكە ئازادكراوە.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، “خاوەنی پڕۆژەی گوندی کۆری، کە جاری ڕابردوو زیانێکی زۆری پێگەیشت، ڕێکاری بەرامبەر گیراوەتەبەر، تا ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو دەستگیرکرابوو، بەڵام دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە کە سەرجەم زیادەڕۆییەكان و کەموکورتییەکان چاکبکاتەوە، ئازادکرا”.

خۆشناو وتی، بۆ لافاوەكەی ئەمجارەش “هەر لایەک کەمتەرخەمبێت، بەدڵنیاییەوە ڕێكاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.

پارێزگاری هەولێر باسی لەو لیژنەیە كرد كە لە پارێزگاكە پێكهێنراوە بۆ بەدواداچوونی هۆكاری لافاوەكە، وتی، “لیژنەكە بۆ ئەو مەبەستە لەکاردان و ماوەی چوار ڕۆژیان هەیە بۆ دیاریکردنی کەس و لایەنی کەمتەرخەم، لە ئەمڕۆوە تا سێ ڕۆژی دیکە دەبێت ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ڕادەستبکەن”.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی بەڵێنی پشتیوانیی مەکتەبى سکرتارییەتی مام جەلال بۆ دە‌زگای چاپ و پەخشی سە‌ردە‌م دووپاتدەكاتەوە

بابەتی دواتر

تاکە باڵندە کە دەتوانێت بە ئاراستەی دواوە بفڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share