لە گەڕاندنەوەی پەنابەراندا گومان لە حكومەتی هەرێم دەكرێت

تۆڕی میدیایی ئێستا، بەدواداچوون بۆ پرسی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەرانی كورد لە بەریتانیا دەكات و پەرلەمانتارێكیش وردەكاریی بابەتەكە دەخاتەڕوو و دەڵێت، “دوای سەردانەكەی ئەمدواییەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ بەریتانیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ كاربەدەستانی ئەو وڵاتەدا، پرسەكە سەریهەڵداوە”.

موسەنا ئەمین ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە وەڵامی پرسیارێكی تۆڕی میدیایی ئێستا-دا لەبارەی پرسی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەرانی كورد لە بەریتانیا ڕایگەیاند، گومانیان هەیە لەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان گڵۆپی سەوزی بۆ حكومەتی بەریتانیا هەڵكردبێت بە مەبەستی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەرانی كورد لەو وڵاتەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، بە تایبەت لە سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا”.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە ئۆفیسی سلێمانیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، موسەنا ئەمین پەنابەرێكی كوردی بە نموونە هێنایەوە كە 21 ساڵە لە بەریتانیایە و هاوژینەكەی بەریتانییە و چوار منداڵی هەیە، كەچی ئێستا لە زینداندایە و ڕۆژی 30ی ئەم مانگە بە زۆر دیپۆرتدەكرێتەوە و وتی، “ئەوە پێچەوانەی مافی مرۆڤ و یاسا و مافی منداڵەكانی و هاوژینەكەیەتی”.

لەبارەی هۆكاری گومانەكەی لەوەی حكومەتی هەرێم لە پشت ئەو پرسەوە بێت، موسەنا ئەمین ئاشكرایكرد، لە سەردانەكەی ئەمدواییەیدا بۆ بەریتانیا، یەكێك لە كۆبوونەوەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەدا بووە، دوای ئەو كۆبوونەوە و سەردانە، پرسی ناردنەوەی پەنابەران سەریهەڵداوە. بۆ ڕەوینەوەی ئەو گومانە، موسەنا ئەمین داوایكرد سەرۆكی حكومەت یاخود كاربەدەستانی تری كابینەكەی ڕوونكردنەوە بدەن لەبارەی ئەوەی كە حكومەت هەنگاوی لەو جۆرەی نەناوە و گڵۆپی سەوزی بۆ بەریتانیا هەڵنەكردووە بە مەبەستی بە زۆر ناردنەوەی پەنابەران و ڕایگەیاند، “كارێكی لەو جۆرە نایاساییە”.

بەپێی وتەی ئەندامەكەی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، چەندین جار ڕێگرییان لە حكومەتی عێراق كردووە پەنابەران بە زۆر نەهێنرێنەوە و وتی، “پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق دەكەم لەبارەی ئەو كەیسەوە، چونكە بەبێ بڕیاری دادگا، بە زۆر ناردنەوەی خەڵك نایاسایی و نامرۆڤانەیە”.

بابەتی پێشتر

عێراق 100 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی گەنم تەرخان دەکات

بابەتی دواتر

حاڵەتێکی مردن و چوار تووشبووی تای خوێنبەربوون لە بەغداد تۆمارکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share