یەكێتی و پارتی پشتیوانیكردنی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نیشاندەدەن

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی

هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە دەباشان بە میوانداریی بافڵ جەلال تاڵەبانی كۆبوونەوە و لە ڕاگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكەكەی ئاشكراكرا.

بە میوانداریی بافڵ جەلال تاڵەبانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەباشان كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێك كرا لەوانە دۆخی سیاسیی عێراق دوای هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو و ئیستحقاقەكانی كورد و یەكخستنی هەڵوێستی كوردستانی لە سەرجەم دۆسیە گرنگە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان لە بەغداد، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

دەشڵێت، هەوڵدان بۆ گەڵاڵەی كۆتایی كارنامەیەكی هاوبەشی كوردستانی لەسەر بنچینەی شەراكەتی ڕاستەقینە و تەوافوق و تەوازونی دەستووری، وەك لە عێراقی نوێدا لەسەری پێكهاتبوون بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو. هەردوولاش “كۆكبوون لەسەر ئەوەی پشتیوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە هەموو ڕوویەكەوە بەتایبەتی لە ڕووی گوزەران و مووچە و شایستە داراییەكانی سەرجەم چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان بە توێژی خوێندكاران و قوتابیانیشەوە”.

كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی لەسەر مەترسی ئەمنی و سەربازیی تێهەڵچوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش لە كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان كرد، لەم بوارەدا بەپێویستزانرا هەماهەنگی و پێكەوەیی هەردوولا هەبێت وەك بەشێك لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی لەسەر خاك و خەڵكی كوردستان لەو ناوچانەدا هەن.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، بڕیاردرا بە گرتنەبەری میكانیزمی پێویست بۆ دەستەبەركردنی ژینگەیەكی باشی تەبایی و یەكڕیزیی نێوان هەردوولا و هێزە سیاسییەكانی دیكە بەرەو پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان بۆ خێر و خۆشی گەلەكەمان.

بابەتی پێشتر

سزای سێدارەی بەندكراوێكی سیاسیی كورد لە سنە جێبەجێكرا

بابەتی دواتر

(NBA) هیوستن بردنەوەی بەرامبەر دیترۆیت تۆمارکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share