وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 258 کۆچبەری دیکە لە وڵاتی بیلاڕوسیاوە دەگەڕێنرێنەوە، ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی ئارەزوومەندانە لەو وڵاتەوە گەڕێنراونەتەوە عێراق و هەرێمی كوردستان، نزیكدەبێتەوە لە چوار هەزار.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، “لە ماوەی یەک مانگدا سەرکەوتووبووین لە ئەنجامدانی 10 گەشتی ئاسمانیی ناچاری بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا و لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە سێ هەزار و 800 کۆچبەری نایاسایی گیرخواردوو لەسەر سنووری بیلاڕوسیا لەڕێگەی 10 گەشتی ئاسمانیی ناچاری گەڕێندراونەتەوە وڵات.
ئەحمەد سەحاف ئاشکراشیکرد، کە ئەمڕۆ 258 کۆچبەری دیکە بەشێوەی ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە، بەمەش ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە ئارەزوومەندانە گەڕێندراونەتەوە وڵات، چوار هەزار تێدەپەڕێنێت.
وتەبێژەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاشیگەیاند، تاوەکو ئێستا 518 پاسپۆرتی پەڕینەوەیان داوە بەو کۆچبەرانەی پاسپۆرتەکانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی باڵیۆزخانەکانی عێراق لە مۆسکۆ و وارشۆ بەردەوامن لە تۆمارکردنی ناوی ئەو کۆچبەرانەی خواستی گەڕانەوەیان هەیە بۆ عێراق بەشێوەی ئارەزوومەندانە.
وتیشی، “بەهەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی بیلاڕوسیا توانیمان لێخۆشبوون بۆ ئەو پێبژاردنە داراییە دەربکرێت بۆ نشینگەی ئەو کۆچبەرانەی ئارەزوومەندانە گەڕێندراونەتەوە، کە بڕەکەی زیاترە لە 770 هەزار دۆلار”.