پارێزگای هەولێر لەڕێگەی ژمارە بانکییەکەوە کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی هەولێر کۆدەکاتەوە

بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەمرۆی سەرۆکی حکومەت سەبارەت بە لافاوەکەی هەولێر کۆبوونەوەیەک لە پارێزگای هەولێر بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی ئەنجامدرا، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دران.

پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو بڕیارەکانی بەمجۆرە ڕاگەیاند:

یەکەم: لەسبەینێ کاتژمێر 7:00ەوە سەرجەم تیمەکان دەستبەکاردەبن لە سەرجەم ئەو شوێنانەی لافاو زیانی پێگەیاندوون بەمەبەستی خەمڵاندنی زیانەکان و دەبێت تا ئێوارە سەرجەم خەمڵاندنەکان تەواوبکرێن.

پارێزگاری هەولێر وتی، “داوا لە هاوڵاتییان دەکەین هاوکاری تیمەکان بن بەپڕکردنەوەی فۆرمەکان و ئەو میکانیزمانەی بۆ خەمڵاندنەکە بەکاردەهێنرێت، چونکە تەنها سبەینێ خەمڵاندنەکە دەکرێت و کۆتاییدێت، تاوەکو لە ڕۆژانی داهاتوودا بزانین بەچ جۆرێک هاوکاریی خەڵک بکەین”.

دووەم: پاککردنەوەی پاشماوەکانی لافاوەکە، جگە لە شوێنە گشتییەکانی وەک ڕێگا و بانەکان هێڵەکانی کارەبا و ئاو، هەڵمەتی پاککردنەوەی ماڵەکان و گەڕەکەکان لەکاتژمێر 7:00ی بەیانی دەستپێدەکات.

سێیەم: کاتژمێرێک بەرلەئێستا بەمەبەستی هاوکاریکردنی زیانبەرکەوتووانی لافاوەکە ژمارە بانکییەک دانراوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ ئەو خێزانانەی زیانیان بەرکەوتووە.

بە ژمارە بانکیی (508 بانکی منارە)، هەر خێرخوازێک بیەوێت هاوکاری بکات دەتوانێت لەوڕێگەیەوە بیگەیەنێت.

ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند، “تکا دەکەین ئەوەی ڕوویداوە کارەساتێکی سروشتییە خەڵک زیانی بەرکەوتووە و گیانلەدەستدان هەیە بۆیە با تێکەڵ بە بابەتی سیاسی نەکرێت”.

بەپێی ئەو ئامارەی ئومێد خۆشناو بڵاویکردەوە، تائێستا 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و لەناویاندا دوو هاوڵاتیی عەرەب هەن، کوردێکی ئێزدی هەیە، هاوڵاتییەکی تورک و دوو هاوڵاتیی نیپاڵی هەن، تەرمی یانزەیان دۆزراونەتەوە، تەنها تەرمی منداڵێک ماوە.

ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند، دەسەڵاتیان داوە بە هەموو قائیمقامییەت و یەکە کارگێڕییەکان بۆئەوەی لەهەر شوێنێک پێویست بکات پشووی فەرمی ڕابگەیەنرێت.

سەبارەت بە زیانەکان وتی، شوێنەکان زۆرن کاتێک دەوترێت ناحیەی دارەتوو هەموو گوندەکانی دەوروبەریشی دەگرێتەوە، بەهەمان شێوە قوشتەپە، شەمامک، قەتەوی، هیران سیتی، هەولێری نوێ و چەند شوێنێکی دیکە زیانیان بەرکەوتووە.

لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی ئێستا ئومێد خۆشناو وتی، “ئەگەر ئەزموونمان لە لافاوەکەی ڕابردوو وەرنەگرتایە و ئەو ڕێڕەوانە بە تێچووی زۆر و ماوەی کەم دروستکراون نەبووایە زیانەکان گەورەتر دەبوون”.

بابەتی پێشتر

یەكەم ئاڵای تایبەت بە كورد بۆ 700 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە

بابەتی دواتر

کۆریای باکوور بۆ ماوەی 11 ڕۆژ پێکەنینی قەدەغەکرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەیامنێرانی بێسنوور: لەکاتی ڕووماڵی هێرشەکەی داعش هەڕەشەی ئازاردان و گرتن لە تیمی ڕۆژنامەوانیی ئێستا کراوە

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی ڕێگریکردن لە تیمی ڕۆژنامەوانیی “ئێستا” دەکاتی لەکاتی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی داعشدا لە…
زیاتر ببینە

نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا: تاوەکو لێکۆڵینەوە لە تەرمی کۆچبەران کۆتایی ‏نەیەت ناتوانین بیانگەڕێنینەوە

نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕایگشتی ‏لەبارەی هێنانەوەی تەرمی کۆچبەران بڵاوكردەوە، دەڵێت، دوای کۆتاییهاتنی ‏لێکۆڵینەوەکان…
Total
0
Share