مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی زیانەکانی لافاوەکەی ئەمڕۆ هەولێر ڕایگەیاند، لیژنەیان بۆ چارەسەری کێشەکە و خەمڵاندنی زیانەکان پێکهێناوە.
لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنوسان مەسرور بارزانی بۆ هاوڵاتییانی زەرەرمەندی لافاوەکەی هەولێر ڕایگەیاند، ” منداڵ و برای ئێوە منداڵ و برای ئێمەن، ئەم کارەساتە کاریگەریی لەسەر هەموومان هەبووە، هەموومان لەخۆشی و ناخۆشیدا بەیەکەوە دەبین”.
سەبارەت بەو هەنگاوانەی بۆ زیانەکانی ئەو کارەساتە گیراونەتەبەر وتی، “ئەمڕۆ لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار و وەزیرەکان کۆبووینەوە، بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە کارەساتانە”.
جەختیکردەوە، هۆکارەکان بەشێکی بۆ کارەخراپەکانی ئەو پرۆژانە دەگەڕێتەوە کە ساڵانی ڕابردوو کراون،”ئێمە لیژنەمان پێکهێناوە بۆئەوەی کەمتەرخەمییەکان دیاریبکەن، تاوەکو بزانین لەکوێدا کاری زانستی نەکراوە هەرکەسێکیش کەمتەرخەم بوبێت لەڕووی یاساییەوە ڕێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.
وتیشی، ئێستاش بۆ بەهاناوەچوون و هاوکاری کردن و هەنگاوی خێرا بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم کارەساتانە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگا و وەزارەتەکان لەکاردان و سەرقاڵن.
ڕایگەیاند، “لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ خەمڵاندنی ئەو زیانانەی بەر هاوڵاتییان کەوتووە، جاری پێشووش لیژنەکە ئەو کارەیان کردووە و ئەمجارەش دەیکەن و خەڵکانێکی خێرخوازیش ئامادەییان دەربرێوە بۆ هاوکاری و یارمەتیدانی لێقەوماوان”.
بەپێی وتەی سەرۆکی حکومەت، پلانی درێژخایەنیان بۆ چارەسەری هۆکاری ڕوودانی ئەو کارەساتانە هەیە و وتی، “بۆ ئەو مەبەستە لیژنەمان پێکهێناوە بۆ دیراسەکردنی دەوروبەری هەولێر بۆئەوەی ڕێڕەوی دەرچوونی ئاو بەشێوەیەکی سروشتی چارەسەربکەین، چونکە بەشێک لە کێشەکە ئەوەیە ڕێڕەوی ئاوەکە دەگیرێت”.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک کارەساتی سروشتی لەتوانای مرۆڤ بەدەرە، بارانێکی ئێجگار زۆر لەماوەیەکی کەمدا باریوە بۆیە ئەم ڕووداوانە ڕوویانداوە.
داواشیکرد، بەهۆی ئەوەی ئەم شەپۆلی باران بارینە بەردەوام دەبێت و دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدابکرێت و هەموولایەک هاوکاربن.