سیڤییەكەی ساختەكردووە.. وەزیرێكی ڕۆمانی دەستلەكاردەكێشێتەوە

بە دزی لە نامەی ماستەرەكەی و زانیاری ناڕاست تۆمەتباری دەكەن

وەزیرێكی ڕۆمانی پاش لێكۆڵینەوەیەك كە لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە ئەنجامدرا و ئاشكرایانكرد كە “سەرپێچیی گەورە” لە سیڤییەكەیدا هەیە، جگە لە بەڵگەی دزینی نامەی توێژینەوە، دەستی لەكاركێشایەوە.

فلۆرین ڕۆمان، وەزیری داهێنان و ژمارەكردن لە حكومەتی هاوپەیمانیی نوێ لە ڕۆمانیا، پاش كەمتر لە مانگێك لە وەرگرتنی پۆستەكەی دەستلەكاركێشانەوەكەی پێشكەشكرد، دوای ئەوەی ڕۆژنامەی Libertateaی ڕۆمانی هەواڵێكی بڵاوكردەوە و تیایدا گومان لە توانا زانستییەكانی دەكات و داوادەكات لێپێچینەوەی لەگەڵبكرێت.

ڕۆمان لە وتەیەكدا وتی، نایەوێت “ئەو گومانانەی لە چواردەورین” كاریگەری لەسەر نیكۆلای سیوكا-ی سەرۆك وەزیران دروستبكەن و بەهۆی ئەوەی “ڕەنگی سپی گۆڕاوە بۆ ڕەنگی ڕەش، هەموو شتێك خراپ شیدەكرێتەوە و هەڵەم كرد (…) ئەمەش زۆر زۆرە”.

ڕۆژنامەنووسانی Libertatea ڕۆمان-یان بە دزینی بەشێك لە نامەی ماستەرەكەی تۆمەتباركرد و دەڵێن، نەیانتوانیوە نامەی توێژینەوەكەی كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2006 بدۆزنەوە، كە سیاسییەكە لە سیڤییەكەیدا دایناوە. ڕۆژنامەكە وتیشی، ڕۆمان زانیاریی “ناڕۆشن یان درۆینە”ی لە سیڤییەكەیدا داناوە دەربارەی ئەو زانكۆیەی لێیخوێندوویەتی.

ڕۆمان بەتوندی ئەو ئەنجامانەی ڕەتكردەوە كە ڕۆژنامەكە پێیگەیشتوون و بە بەشێك لە “هەڵمەتی شێواندنی ناوبانگی” ناویبردن.

لەماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا زۆرێك لە سیاسییە دیارەكانی ڕۆمانیا، لەنێوانیشیاندا سەرۆك وەزیرەكانی پێشوو بە “دزینی ئەدەبی” تۆمەتباركراون، بەپێی ئەسۆشییەیتد پرێس.

داچیان سیۆلۆس، كە سەرۆك وەزیران بووە لەنێوان ساڵانی 2015 و 2017 دەستلەكاركێشانەوەكەی ڕۆمان-ی بە “ڕێوشوێنێكی پێویست” ناوبرد.

سیۆلۆس وتیشی، “فلۆرین ڕۆمان قوربانی نییە، یەكێكە لە ئەندامانی چینی سیاسی كە باشترینەكانی ڕۆمانیایان لەناوبرد”.

ڕۆمانیا ڕیزبەندیی 69ی لەكۆی 180 وڵات گرتووە لە پێنوێنییەكانی گەندەڵی بۆ ساڵی 2020، كە لەلایەن ڕێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتییەوە بڵاوكراوەتەوە.

بابەتی پێشتر

عێراق پلان بۆ سنوورداركردنی داعش بەر لە كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانان دادەنێت

بابەتی دواتر

ئۆكرانیا: پێویسته‌ یه‌كێتیى ئه‌وروپا پێش پێكدادان سزا به‌سه‌ر ڕوسیادا بسه‌پێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share