نەخۆشییەکی نادیار لە سودان دەرکەوتووە و قوربانییەکانی گەیشتوونەتە 89 کەس

نەخۆشییەکی نادیار لە ناوچەیەکی باشووری سودان بڵاوبووەتەوە و تا بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 89 کەسی کردووەتە قوربانی، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش لەوبارەیەوە زەنگی مەترسیی لێدا.

نەخۆشییەکە لە ناوچەی “فەنگاك” بڵاوبووەتەوە کە دەکەوێتە 270 کیلۆمەتر لە باکووری ویلایەتی جۆنگلێی، پزیشکان و زانایانی ناوخۆیی لەهەوڵی ئەوەدان بگەنە زانیارییەکان سەبارەت بە سروشت و چۆنێتیی نەخۆشییەکە، بەڵام نەیانتوانیوە، بۆیە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی تیمێکی بۆ لێکۆڵینەوە و گەیشتن بە مەترسی و ڕاستییەکانی نەخۆشییەکە ڕەوانەی ناوچەکە کردووە.

ئەو ناوچەیەی نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە لەم ماوەیەی کۆتاییدا ڕووبەڕووی لافاوی گەورە و بەهێز بووەوە، بەهۆیەوە ڕێگریکرد لە گەیشتنی کەرەستەی خۆراکی و کەلوپەلە بنەڕەتییەکان بە ناوچەکە، تیمەکەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەناو هێلیکۆپتەرێکدا گەیشتنە ناو “فەنگاك” دواتر ئەمڕۆ چوارشەممە گەڕانەوە جۆبای پایتەختی باشووری سودان.

لام تانگوار كویگوونگ وەزیری دانیشتووانی لە ویلایەتی جۆنگلەی باشوور ڕایگەیاند، لافاوەکان کاریگەرییان هەبووە لەسەر بڵاوبوونەوەی ژمارەیەک نەخۆشی، لەوانە مەلاریا و بووەتەهۆی بەدخۆراكی لە منداڵاندا بەهۆی نەبوونی خۆراکەوە، هەروەها کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکە ئاوی ئەو ناوچەیەیان پیسکردووە و ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ بەو هۆیەوە مرداربوونەتەوە.

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنووری نێودەوڵەتی باسی لەوە کردووە، لافاوەکان بوونەتەهۆی کەمبوونەوە و خراپبوونی خۆراک و زۆربوونی چوونە نەخۆشخانەکان، زیانی جۆراوجۆریان بە زیاتر لە 700 هەزار دانیشتووی ناوچەکە گەیاندووە.

بابەتی پێشتر

قەیرانی ئۆکرانیا.. ڕوسیا هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی دەکات

بابەتی دواتر

كازمی: بەدەست گەندەڵییەوە دەناڵێنین و گرنگینەدان بە شكۆی مرۆڤ هۆكاری توندوتیژییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share