دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ڕێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و شاندێكی یاوەری، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كرد، مه‌كگۆرك بۆ دوو دۆسیەی دیاریكراو هاتبووە هەرێمی كوردستان، جگه له سه‌رۆكى هه‌رێم، لەنێو حزبە سیاسییەكاندا ته‌نها بەرپرسانی یه‌كێتی بینی.
له‌گه‌ڵ قوڵبوونه‌وه‌ى ناكۆكییه‌كان لەبارەی ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و ململانێ و هەوڵەكانی پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوو و ئه‌و ناكۆكییانه‌ى لە نێوان پێكهاتەكان بەجیا و هەروەها خودی پێكهاتەكان، لە نموونەی شیعە، دروستبوون، برێت مه‌كگۆرك سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كرد.
دواى وه‌رگرتنى پۆسته‌كه‌ى، ئەوە دووەم جارە مەكگۆرك سەردانی عێراق بكات، لەسەردانەكەی دووەمیدا، كە چەند ڕۆژی ڕابردوو بوو، هه‌ردوو باڵیۆزى وڵاته‌كه‌ى له عێراق و هه‌رێم بباته لاى به‌رپرسانى عێراق و هه‌رێم و ورده‌كاریی ئه‌و هه‌وڵانه‌ى باس بكات كه سه‌رقاڵى به جێگه‌یاندنیه‌تى.
مه‌كگۆرك كار له‌سه‌ر چی ده‌كات و چی به یه‌كێتى وت؟
مه‌كگۆرك له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌رێمى كوردستان، لەنێو بەرپرسانی هەرێمی كوردستان سه‌رۆكى هه‌رێمى بینی، له‌نێو حزبه‌كانیش ته‌نها یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانى بینى و له‌گه‌ڵ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى و قوباد تاڵه‌بانى كۆبووەوە، ئه‌و دوو دۆسیەیەشی ئاشكراكرد، كه له سەردانەكەیدا كاری له‌سه‌ركردووە.
به گوێره‌ى زانیارییه‌كانى تۆڕی میدیایی ئێستا، كه له‌سه‌رچاوه تایبه‌ته‌كانیه‌وه ده‌ستیكه‌وتووه، برێت مه‌كگۆرك له ئێستادا كاردەكات له‌سه‌ر پرسی داهاتووى سوریا و دۆزى كورد له‌و وڵاته و ئه‌و مافانه‌ى كه په‌یوه‌ستن به كوردانی ڕۆژئاوا، ئامانجه‌كانیشی بۆ یه‌كێتى ڕوونكردووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها دۆسیەی دووه‌م، كه به‌رپر‌سه باڵاكه‌ى ئه‌مریكا، كه به پیاوی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى بڕیاره‌كان له عێراقدا ناسراوه، ئه‌وه‌یه، حكومه‌تى داهاتووى عێراق چۆن بێت و پێكهاته‌ى حكومه‌ته‌كه‌شى به وردى بۆ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى و قوباد تاڵه‌بانى ڕوونكردووه‌ته‌وه.
له‌سه‌ر ئه‌و پرسه، مه‌كگۆرك جەختى له پێویستى چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان و پەنابردن بۆ دیالۆگ و زمانی گفتوگۆ كردووه‌ته‌وه، تەنانەت له نێوخۆی هه‌رێمی كوردستان داوایكردووه كورد به یه‌ك تیم بچنه دانوستانه‌كانه‌وه.
هه‌روه‌ها مه‌كگۆرك به بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى و قوباد تاڵه‌بانى وتووه، كار له‌سه‌ر به‌ركه‌وته‌ى كورد له حكومه‌تى داهاتوو و به‌ركه‌وته‌ى پێشمه‌رگه له چێوه‌ى سیستمى وه‌زاره‌تى به‌رگری ده‌كات، به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه له‌شه‌ڕی داعشدا ڕۆڵی به‌رچاوى بینیوه، بۆیه داوایكردووه یه‌كێتى به‌جددى كار له‌سه‌ر ڕێكخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه بكات.
بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى چی به مه‌كگۆرك و شانده ئه‌مریكییه‌كه وت؟
له كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆركدا، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى و قوباد تاڵه‌بانى به‌گرنگییه‌وه ئاماژەیان بە ھەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بۆ ئە‌وە‌ی نوێنە‌رانی كوردستان بە‌یە‌ك تیم بچنە بە‌غداد.
هه‌روه‌ها بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى دیدگای ڕوونی یەکێتیی ئاشکراکرد، کە پەرۆشی ڕەخساندنی زەمینەی پێکەوەیی و چارەسەرکردنی گرفتەکانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی و وتویه‌تى، “دەمانەوێت وەک نوێنە‌رانی کوردستان بە یەک تیم بچینە بە‌غداد و لەگەڵ دۆستەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ بکەین و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و یاساییەکانمان بکەین، کە سەرخستنی ئەم نییەتە زامنی عێراقێکی بەھێز و ھەرێمێکی پارێزراو دەبێت”، وەك ئە‌وە‌ی لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتبوو.
دوایین هه‌ڵوێستى ئه‌مریكا له‌باره‌ى كشانه‌وه‌ى سه‌ربازانى وڵاته‌كه‌ى چیه؟
برێت مه‌كگۆرك له كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆك وه‌زیران و ڕاوێژكارى ئاسایشی نیشتمانیی عێراق له‌باره‌ى كشانه‌وه‌ى سه‌ربازانى وڵاته‌كه‌ى جه‌ختى له‌وه كردووه‌ته‌وه، پابه‌نده بە جێبه‌جێكردنى ئەنجامەكانی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئه‌مریكا و كشانه‌وه‌یان له عێراق، به‌ڵام وتوشیه‌تى، به‌شێك له لایه‌نه عێراقییه‌كان داوایانكردووه ژماره‌یه‌ك سه‌ربازى ئه‌مریكى بمێننه‌وه، به‌هۆی به‌هێزبوونەوەى داعش و مه‌ترسیی ئەگەری هەڵگیرسانی جه‌نگى ناوخۆیی نێوان لایەنە شیعییەكان له‌سه‌ر پێكهێنانى حكومه‌تی داهاتوو.
بەپێی زانیارییەكان، مه‌كگۆرك ئاماده‌یی ئەمریكای نیشانداوە ژماره‌یه‌ك له سه‌ربازانى وڵاته‌كه‌ى بهێڵێته‌وه له‌پێناو هاوكاریكردنى عێراق، تا دواى پێكهێنانى حكومه‌ت و سه‌قامگیربوونى دۆخى سیاسی و كه‌مبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى داعش، ئه‌وكات به ته‌واوى ڕێككه‌وتنی كشانەوەكە جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.