بافڵ جەلال تاڵەبانی و برێت مەکگۆرک كۆبوونەوە

دیمەنێك لە كۆبوونەوەكە

لە ھەولێر، بافڵ جەلال تاڵەبانی و برێت مەکگۆرک ڕێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی ‏نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و شاندێكی ‏یاوەری، کۆبوونەوە.‏

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و ماتیو تۆلەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ڕۆبەرت پاڵەدینۆ، کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەیبوون، گفتوگۆی ھەمەلایەنە لەبارەی پرسە چارەنووسازەکان، پێشھاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان، عێراقی دوای ھەڵبژاردن کرا، جەختکرایەوە لە پێویستی چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان و پەنابردن بۆ دیالۆگ و زمانی گفتوگۆ.

بافڵ جەلال تاڵەبانی پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە بەتایبەت لە پرسی بەردەوامیدان بە ڕاوێژ و ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە لە ڕووی مەشق و پێشخستنی توانا لۆجستی و سەربازییەکان لەپێناو ڕیشەکێشکردنی تیرۆر و ئارامی و ئاسایشی زیاتر لە ناوچەکە.

سەبارەت بە قۆناغی دوای ھەڵبژاردن و حکومەتی داھاتووی عێراق لە دیدارەکەدا بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لە دەستپێکردنی ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا و چالاک کرایەوە کە لەئاست ھەستیاری ھەلومەرجەکە و خواست و پێویستیی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانی عێراق بێت و ھاوسەنگیی سیاسی تێدا بپارێزرێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی بەگرنگییەوە ئاماژەی بە ھەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بۆ ئە‌وە‌ی نوێنە‌رانی كوردستان بە‌یە‌ك تیم بچنە‌ بە‌غداد و دیدگای ڕوونی یەکێتی ئاشکراکرد کە پەرۆشی ڕەخساندنی زەمینەی پێکەوەیی و چارەسەرکردنی گرفتەکانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی و وتی، “دەمانەوێت وەک نوێنە‌رانی کوردستان بە یەک تیم بچینە بەغداد و لەگەڵ دۆستەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور گفتوگۆ بکەین و پارێزگاری لە مافە نەتەوەیی و یاساییەکانمان بکەین کە سەرخستنی ئەم نیەتە زامنی عێراقێکی بەھێز و ھەرێمێکی پارێزراو دەبێت”.

ھەر لەدیدارەکەدا چەندین پرسی دیكەی جێی بایەخی ھەردوولا ڕاشکاوانە بیروبۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو.

 

بابەتی پێشتر

مەكگۆرك دڵنیایی دەداتە هەرێمی كوردستان

بابەتی دواتر

وزەی ئەتۆمیی ئێران: بەڵێن دەدەین کارێک نەکەین لەگەڵ بڕیارە نێودەوڵەتییەکان یەکنەگرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share