لەپێناو 20 ملیۆن دیناردا، كەسێك هاوڕێ و هاوكارەكەی خۆی كوشتووە و لە باخچەی ماڵەكەیدا لە خۆرئاوای بەغداد ناشتوویەتی.
ئەمڕۆ هەینی پۆلیسی بەغداد دانپێدانانی كەسێكی بڵاوكردەوە كە بكوژی هاوڕێكەیەتی و دانی بەوەدا نا كە كوژراوەكە هاوڕێ و هاوبەشی كاركردنی بووە و لەپێناو پارەدا كوشتوویەتی.
تۆمەتبارەكە دەڵێت، پەیوەندی بە هاوڕێكەیەوە كردووە كە لە هەمانكاتدا هاوبەشی كار بوون و داوای لێكردووە 20 ملیۆن دینار لەگەڵ خۆیدا ببات و بڕوات بۆ ماڵیان لە ناوچەی ئەبو غرێب بە بیانووی بەشداریكردن لە كارێكی نوێدا.
كوژراوەكە هاوبەشی بكوژەكە بووە و پێكەوە ئامێری مۆبایلیان فرۆشتووە و پێشتر 60 هەزار دۆلاری لای بكوژەكە بووە، كاتێك گەیشتووەتە ماڵەكە، هاوڕێكەی بە هاوكاریی كەسێكی تر بە چەقۆ و خاكەناز لێیانداوە و كوشتوویانە.
بكوژەكە دەڵێت، “زیاتر لە 20 جار بە چەقۆ لێمدا و ئەو كەسەی لەگەڵمدا بوو بە خاكەناز دەیكێشا بە سەریدا، دواتر ئەو لە باخچەكەدا ناشتی و منیش دیوارەكانی ژوورەكەم بۆیەكرد بۆ شاردنەوەی شوێنەواری خوێنی قوربانییەكە”.