دوای ئەنجامدانی چەند ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرایکرد، بەردەوام دەبن لە کێوماڵکردنی ناوچەکانی نێوان هەردوولا بۆ بنەبڕکردنی چەکدارانی داعش.
ئەمڕۆ لە بانی مەقان، سنوری نێوان چەمچەماڵ ـ قەرەهەنجیر لەسەر هەڵسەگاندنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، کۆبوونەوەیەکی سەربازی نێوان بەرپرسانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و مستەفا چاوەڕەش فەرماندەی یەکەی حەفتا و فەریق جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لێپرسراوی میحوەرەکانی 4-3-2-1 ی پێشمەرگە و ژمارەیەک لەفەرماندە و بەرپرسانی باڵای پێشمەرگە، لەگەڵ فەریق روکن عەلی فریجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و فەرماندە باڵاکانی سوپای عێراقی لە سنووری دوزخورماتووـ کەرکوک بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پلان و هەنگاوەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ناوچەکە کراوە، هاوکات جەخت لەسەر بەردەوامی ئەو پڕۆسەیە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی فراوانتر کراوەتەوە بۆ بنبڕکردنی تەواوەتی چەکدارانی داعش و پاککردنەوەی ناوچەکە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە هەردوولا هەڵسەگاندنی دروست و بابەتیانەی دەسکەوتەکانی ئۆپەراسیۆن کردووە و تاوتوێی خاڵە نەرێنی و پڕکردنەوەی کەموکۆڕیەکان کراوە، بۆ سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر داعش و پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و دانیشتوانەکەی.