خوێندكارانی ناڕازیی زانکۆ و پەیمانگاکان هەڵپەساردنی خۆپیشاندانەكان ڕادەگەیەنن

دیمەنێك لە خۆپیشاندانی خوێندكاران فۆتۆ: دانیار مەحمود

گروپی ڕاوێژ لە فێرخوازانی ناڕازیی زانکۆ و پەیمانگاکان ئەو ئەنجامانە ئاشكرادەكات كە لە ئاكامی خۆپیشاندانەكانەوە بەدەستهاتوون و بەهۆیەوە بڕیاریان لەسەر هەڵپەساردنی خۆپیشاندان داوە.

گروپەكە ڕاگەیەندراوێكی لەژێر ناونیشانی (هەڵپەساردنی خۆپیشاندان) بڵاوكردووەتەوە و تیایدا هاتووە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە ئێمە وەک خوێندکارانی زانکۆکانی سلێمانی، ڕاپەڕین، هەڵەبجە و هەولێر بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنمان کردووە بەمەبەستی داواکردنی مافە ڕەواکانمان بەشێوەیەکی ئاشتیانە و ڕایدەگەیەنین هەر کارێکی ناشارستانی کرابێت تەعبیر لە توێژی خوێندکار ناکات و ئێمە دوورین لێی.

دەشڵێت، “داواكارییەكانی ئێمەی خوێندكار ڕوون و ئاشکرا بوون کە بریتیبوون لە، (گەڕانەوەی دەرماڵە، گەڕانەوەی شکۆی خوێندکار و شکۆی زانکۆ، سزادانی ئەو کەسانەی بوونەتە مایەی ئازاری خوێندکار و باشکردنی بەشەناوخۆییەکان)”.

ئەو خوێندكارانە ئاماژە بەوەدەكەن كە توانیویانە بەیەکگرتوویی دەرماڵە بگەڕێنینەوە، کارێک بکەن بڕیاربدرێت بە گۆڕینی سەرۆکی چوار زانکۆ، بەڵێندراوە بە سزادانی ئەو کەسانەی سزای خوێندکاریان داوە و دەستکراوە بە باشترکردنی بەشەناوخۆییەکان.

ئاشكراشیدەكەن لەڕێگەی لیژنەیەک لە پەرلەمان و مامۆستایانی دڵسۆزەوە لە هەوڵی کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێلدان.

گروپەكە ئەوەش دەخاتەڕوو كە دوای ڕاوێژکردن بە کەسانی شارەزا و ئەکادیمی بە باشیانزانی لێرەدا بوەستن تا سەری ساڵی نوێ و چاوەڕوانی ئەو بەڵێنانە بن کە پێیاندراوە، لەكاتی جێبەجێنەبوونیشی بەڵێنی بەردەوامبوون و گرتنەبەری ڕێگای دیكە لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان دەدەن.

بڕیاری گروپەكە لەكاتێكدایە لەماوەی هەفتەیەكدا بافڵ جەلال تاڵەبانی دوو كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی خوێندكارانی زانكۆكانی سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەرین ئەنجامدا، كە یەكەمیان هەشت كاتژمێر و دووەمیان 12 كاتژمێری خایاند و تیایاندا بەڵێنی پێدان گرفت و داواكارییەكانیان چارەسەر بكات.‏

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشەوە گەیاندنی یارمەتییەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ زانكۆ و پەیمانگا جیاجیاكان دەستیپێكردووە و بەردەوام دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرپەرشتیی پرۆسەی هەڵبژاردنی یەكێتی بۆ پەرلەمانی كوردستان دەكات

لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی، رایدەگەیەنێت، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرپەرشتیی پرۆسەی هەڵبژاردنی یەكێتی بۆ پەرلەمانی كوردستان دەكات . رزگار…
Total
0
Share