‎ڕاگەیەندراوی فەرمیی ئاسایش لەبارەی دەستگیركردنی ئەندامەكانی داعش لە هەڵەبجە و سەیدسادق و خورماڵ

ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد چەندین ئەندامی داعشیان لە هەڵەبجە و سەیدسادق و خورماڵ و چەند شوێنێکی تر دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنیشدا گرتووە.

ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاشکرایکردووە، “لە ئەنجامی چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد لەسەر گروپێکی سەر بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگای هەڵەبجە، پاش بەدەستخستنی بەڵگەی تەواو لەسەریان کە مەرامیان بوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن و ئاسایشی ھەرێم تێکبدەن “.ئەو كەسانەیان دەستگیركردووە.

ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاندووە، “پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و لەژێر چاودێری و ڕێنمایی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەهاوکاریی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور، لە ھەڵمەتێکی بەرفراوان و چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاجیای سەرکەوتوودا ڕۆژی چوارشەممە ژمارەیەک لە ئەندامانی تاقم و گروپی نەنووستووی تیرۆریستانی داعش لە شاری هەڵەبجە، قەزای سەیدسادق و شارۆچکەکانی خورماڵ، سیروان و چەند گوندێکی شارەزوور دەستگیرکران و دەستبەسەر ژمارەیەک لە چەک و تەقەمەنیشدا گیرا کە پیلانیان دانابوو تا لە کردەوە تیرۆریستییەکانیاندا بەکاریانبهێنن”.

ئاسایشی سلێمانی ڕوونکردووەتەوە، “لێرەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕووندەکەینەوە لەبەر سەلامەتیی لێکۆڵینەوەکان و پاراستنی دۆسیەکە، زانیارییەکانی پەیوەست بەم پیلانەی تیرۆریستان دەھێڵینەوە و لە داھاتوویەکی نزیکدا بە بەڵگە و دۆکیومێنتی دروست زانیاریی زیاتر لەبارەی شکستپێھێنانی تێکدانی ئارامیی ھەرێم لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە”.

بابەتی پێشتر

لێكۆڵینەوەیەك: 71%ی دیموكراتخوازەكان ڕقیان لە كۆماریخوازەكانە و ئامادەنین لەگەڵیاندا بچنە ژووان

بابەتی دواتر

دوای ساڵێك پێشمەرگە ئۆتۆمبێلێکی دزراوی لای داعش دۆزییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share