ژیاننامەی ئەو دوو كاندیدەی بێوچان هێرش دەكەنە سەر یەكتر

تەنها چەند ڕۆژێكی كەم ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، وەك هەمیشە، دوو كاندید، ڕكابەری دەكەن بۆ كێشكردنی دەنگدەران بەلای خۆیاندا و بردنەوەی هەڵبژاردنەكە و بوون بە سەرۆكی ئەمریكا، یەكێكیان سەر بە كۆماریخوازەكانە، كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئێستای ئەمریكا و سەرمایەدار و میدیاكاری بەناوبانگی ئەو وڵاتەیە، ئەوی تریشیان جۆ بایدن، جێگری پێشووی سەرۆك و سیناتۆر و سیاسەتمەدار و ئەكادیمیستی ناوداری ئەمریكایە.

لەم بابەتە ڕۆژنامەوانییەدا، “تۆڕی میدیایی ئێستا” پرۆفایلی هەردوو كاندیدەكە بڵاودەكاتەوە، تیایاندا، زانیاریی ورد لەبارەی هەردوو كەسایەتییەكە لە سەرەتای ژیانیانەوە تا ئێستا دەخرێنەڕوو.

دۆناڵد ترەمپ بناسە
دۆناڵد جۆن ترەمپ لە 14ی حوزەیرانی 1946دا لە نەخۆشخانەی جامایكا لە ناوچەی “كوینز”ی نیویۆرك لەدایکبووە.

ترەمپ، چوارەم كوڕی سەرمایەداری ئەمریكی (فرێد ترامپ)ـە و لە مێردمنداڵییەوە تێكەڵ بە جیهانی سەرمایەگوزاری و سامان بووە، بەر لەوەی ببێت بە سەرۆكی ئەمریكا، بزنسمان و ئەستێرەی تەلەڤیزیۆنی و ملیاردێر بوو. سەرۆكی ڕێكخراوی ترەمپ-ـە كە و خاوەنی زنجیرەیەك پرۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنانە، لەوانە كۆمەڵەی هۆتێلەكانی ترەمپ كە لە چەندین باڵاخانە و هۆتێلی ناودار پێكدێت كە دیارترینیان باڵاخانەی 68 نهۆمیی مانهاتن-ـە لە نیویۆرك، هەروەها خاوەنی ژمارەیەك یاریگەی گۆڵف و گازینۆ و یانەی قومار و دامەزراوەی دیكەیە لە سەرتاسەری جیهان و بە تایبەت لە ناوخۆی ئەمریكا دا، لەوانە پرۆژە و باڵاخانە و هۆتێلەكانی لە ویلایەتەكانی نیویۆرک، لاس ڤێگاس و ئەتلەنیک سیتی.

لە 1968دا، ترەمپ بڕوانامەی ئابوری لە زانکۆی پێنسیلڤانیا بەدەستھێناوە، ھاوکات لەگەڵ خوێندنەکەیدا لە کۆمپانیاکەی باوکیدا کاری کردووە.

دۆناڵد ترەمپ لە دەیان فیلمی ئەمریكی دا وەکو کەسایەتییەكی سەرمایەدار دەرکەوتووە، لەوانە (Home Alone 2: Lost in New York).

ترەمپ تا ئێستا سێ جار ھاوسەرگیری کردووە، لەگەڵ (ئیڤانا زاڵنیکۆڤا 1977 – 1992) و (مارڵا مەیپلز 1992 – 1993) و (میلانیا کناوس 2005- ئێستا).

ڕەچەڵەکی ترەمپ لە باوکییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانی و لە دایکییەوە بۆ سکۆتلەندی. لە سەرەتای لاوێتیدا دوای ئەوەی برا گەورەکەی بڕیاردەدات ببێت بە فڕۆکەوان، ترەمپ دەبێتە جێگرەوەی باوکی و کۆمپانیاکانی بەڕێوەدەبات. ڕوداوێك كە لە قۆناغی گەنجیی ترەمپ-دا ڕویداوە، كاریگەری بەسەر تەواوی ژیانی ئەوەوە بەجێهێشتووە، ئەویش كاتێك برا گەورەکەی لە تەمەنی 43 ساڵیدا بەھۆی زۆر خواردنەوەی کحولەوە دەمرێت، ڕوداوێك كە وادەكات ترەمپ واز لە خواردنەوەی کحول و کێشانی جگەرە بھێنێت.

سەرەتای كاری بازرگانیی ترەمپ، بەوە دەستپێدەكات كە یەک ملیۆن دۆلار لە باوکی وەردەگرێت و کاری پێوەدەكات، دواتر دەبێتە جێگرەوەی باوکی و لە ساڵی 1971ـدا وەك بەڕێوبەری رێکخراوی ترەمپ دەستبەكار دەبێت.

بە تێپەڕبوونی ساڵان، ترەمپ پەرە بە بازرگانی و سەرمایەكەی دەدات و دواتر لەگەڵ کاری بازرگانیدا، لە بواری ڕاگەیاندن و بەرنامەی کاتبەسەربردنی تەلەڤیزیۆنیدا كاردەكات و ناوبانگی زۆری پەیداکردووە، بە جۆرێك لە ماوەی نێوان ساڵانی 1996 تا 2015 چەندین بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی بەرھەمھێناوە و بەناوبانگترینیان پرۆگرامی (ئەبرانتیس) بوو کە لەسەر شاشەی تۆڕی ھەواڵی ئێن بی سی پەخشدەکرا، ھەروەھا پڕۆگرامەکانی شاجوانی گەردوون و پێشبڕکێی شاجوانی کچانی ئەمریکای بەرھەمھێناوە.

ترەمپ ئێستا خاوەنی نزیكەی پێنج ملیار دۆلارە، ئەوەش كردوویەتی بە 324ـەمین ملیاردێر لە جیھاندا و 113ـیەمین لەسەر ئاستی ئەمریكا، وەك گۆڤاری فۆربیس پۆلێنیكردووە. لە کانوونی دووەمی 2017ـدا، دۆناڵد ترەمپ لەسەر پارتی کۆماریخوازانی ئەمریكا وەك 45ـەمین سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكاربوو، ئێستاش كاندیدە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا و هەوڵی بەدەستهێنانی خوولی دووەمی سەرۆكایەتی دەدات.

جۆ بایدن بناسە
جۆ بایدن، لەدایکبووی 20ی تشرینی دووەمی 1942ـە، لە ویلایەتی پێنسلڤانیا لەداكیبووە.

گەورەترینی نێو چوار كوڕەكەی جۆزێف بایدن بووە. كاتێك تەمەنی بایدن دەبێت بە 10 ساڵ، ماڵیان دەگواسترێتەوە بۆ كڵایمۆنت لە ویلایەتی دیڵاوێر، چونكە باوكی وەك فرۆشیاری ئۆتۆمبیل لەوێ دەستبەكار دەبێت.

ساڵی 1961 جۆ بایدن دەبێتە یەكێك لە دەرچووانی ئەكادیمیای ئەریشمیر لە كڵایمۆنت. ساڵی 1965 زانستی سیاسی و مێژوو لە زانكۆی دیڵاوێر تەواودەكات و ساڵی 1968 لە زانكۆی سیراكۆس، بڕوانامە لە یاسا دا بەدەستدەهێنێت.

ساڵی 1966 كاتێك بایدن خوێندكاری بەشی یاسا دەبێت، لەگەڵ نیڵیا هانتەر هاوسەرگیری دەكات و دەبنە خاوەنی دوو كوڕ و كچێك، بەڵام ساڵی 1972دا دوای ماوەیەكی كەم لە بوونی بە ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، هاوژینەكەی و كچەكەیان لە ڕوداوێكی هاتوچۆدا مردوون و دوو كوڕەكەشیان برینداربوون.

لە ساڵی 1972دا بایدن دەبێتە شەشەم گەنجترین سیناتۆری ئەمریکا، شەش جار بووەتە سیناتۆر و یەکێک لە چوار سیناتۆرە بەناوبانگەکانی ئەمریکایە و بۆ ماوەی 37 ساڵ وەك سیناتۆر نوێنەرایەتیی ویلایەتی دیڵاوێر دەكات.

بایدن 47ـەمین جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا، باراک ئۆباما بوو، کە لە ساڵی 2009وە بۆ دوو خوولی سەرۆكایەتیی ئۆباما، جێگری ناوبراو بوو، دوای كۆتایی هاتنی خوولی دووەمی پۆستەكەی وەك جێگری سەرۆكی ئەمریكا، لە زانكۆی پێنسلڤانیا بوو بە مامۆستا.

لە ساڵی 1991 – 2007 دژایەتی جەنگی عێراقی کردووە و دژی ناردنی هێز بۆ عێراق و جەنگی لەناوبردنی ڕژێمەكەی سەدام حسێن بووە.

هەروەها نەیاری چەندین كردە و چالاکی سەربازیی دیكەی ئەمریکا و ناتۆ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بووە، لەوانە ئەو هەڵمەتە سەربازییەی هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە ئایاری 2011ـدا كە بووە هۆی كوژرانی ئوسامە بن لادن، سەرۆكی ئەوكاتی ڕێكخراوی قاعیدە.

جۆ بایدن، لە ساڵی 2016ـدا ڕایگەیاند خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە ساڵی 2020ـدا كاندید ناكات. مانگی كانونی یەكەمی هەمان ساڵ، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ڕەنگە خۆی كاندید بكات، دوای مانگێك و لە 13ی كانونی دووەمی 2017ـدا، جارێكی ڕایگەیاند كە خۆی كاندید ناكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بەڵام دوای تەنها چوار ڕۆژ، لە بڕیارەكەی پاشگەزبووەوە و ئاشكرایكرد، خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2020 كاندید دەكات.

بایدن دوو جاری تر خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا كاندید كردووە، ئەوانیش لە ساڵی 1988 و ساڵی 2008ـدا بوون، بەڵام هەردوو جارەكە شكستیهێنا لە بەدەستهێنانی كورسیی سەرۆكایەتی و گەیشتن بە كۆشكی سپی. ئێستا لەسەر پارتی دیموكراتخوازەكانی ئەمریكا، كاندیدە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا و ڕكابەری دۆناڵد ترەمپ-ـە.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی كەنەدا: دوو كەس بە چەقۆ كوژران

بابەتی دواتر

دەستەی دەستپاكیی هەرێم: زیاتر لە 11 ملیار دینارمان گەڕاندەوە بۆ خەزێنەی گشتی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share