سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمان ڕەخنە و تێبینیی ورد لە ڕاپۆرتەكەی دیلۆیت و بەڕێوەبردنی كەرتی سامانی سروشتی لە هەرێم دەگرن، بەپێی ڕاپۆرتەكەی دیلۆیت، هەرێمی كوردستان نەوت بە 12 دۆلار كەمتر لە بازاڕی جیهانی دەفرۆشێت، حكومەت داهاتێكی زۆر كەمی بۆ دەمێنێتەوە، كۆمپانیای كار یەكێكە لە سوودمەندترین كۆمپانیاكان، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ و تەنها لە كرێی گواستنەوەدا نزیكەی نیو ملیۆن دۆلاری دەستكەوتووە.
كۆمپانیاكان پشكی شێریان بەردەكەوێت
بەپێی ڕاپۆرتەكەی دیلۆیت بێت، حكومەتی هەرێم مانگانە تەنها 289 ملیۆن دۆلاری لە داهاتی نەوت بۆماوەتەوە، وەك ئەوەی کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی كوردستان باسی دەكات.
گەزنەیی دەشڵێت، “بە گشتی حكومەتی هەرێم 42%ی داهات و كۆمپانیاكانیش 58% داهاتی نەوتیان بۆ ماوەتەوە”.
بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، كرێی بۆریی نەوت، كە بۆ كۆمپانیای كار دەگەڕێتەوە، زیاتر لە 454 ملیۆن دۆلار بووە، پارەی تاریفی کۆمپانیای وزەی تورکی زیاتر لە 172 ملیۆن دۆلار بووە، شایستەی کۆمپانیاکانیش نزیكەی یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە.
گەزنەیی بە گومانەوە دەڵێت، “ئەم کۆمپانیایانە ماوەی 14 ساڵە لە هەرێم کاردەکەن، بەڵام بە وتەی حکومەتی هەرێم بێت تائێستاش پارەکەیان تەواو نەبووە!!”.
هەرێم نەوت بە 12 دۆلار كەمتر دەفرۆشێت
عەلی حەمەساڵح، كە سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانە، ئەویش قسەی لەسەر ڕاپۆرتەكەی دیلۆیت و ژمارەكان هەبوو، دەڵێت، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی 65 دۆلار بووە، بەڵام تێکڕای فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بۆ بەرمیلێک (53.446) دۆلار بووە، “ئەمەش داشکاندنێکی زۆرە”.
لەو نرخەش كە نەوتی پێفرۆشراوە، وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە دەیڵێت، “بەشی زۆری بۆ کۆمپانیا و کرێی بۆری بووە، پوختەی داھات بۆ ھەر بەرمیلێک (22.588) دۆلار ماوەتەوە، واتە نزیكەی 42%ی كۆی داهاتی نەوت بۆ تەمویلی مووچە ماوەتەوە”.
عەلی حەمەساڵح ئاماژە بەوەشدەكات، “پارەی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت (یەک ملیار و 394 ملیۆن) دۆلارە، کە دەكاتە 33.8%، ئەم ڕێژەیە زۆر زۆرە و پێداچونەوەی دەوێت، چونکە نزیکەی 37%ی نەوتی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەیە و کۆمپانیای کار بەڕێوەیدەبات و گرێبەستی خزمەتگوزارییە و تێچوو و شایستەی کۆمپانیا دەبێت زۆر کەم بێت”.
كرێی گواستنەوە لەناو هەرێمدا زیاترە لە دەرەوە
سەرۆكی لیژنەی وزە دەشڵێت، “کرێی بۆری زۆرە و گرفتێکی گەورەیە” و ڕوونیدەكاتەوە، “ئەوەی جێگای سەرنجە، ڕووبەری بۆری لە سنووری تورکیا زۆر زیاترە لە ڕووبەری بۆری لە سنووری ھەرێمی کوردستان، بەڵام کرێی بۆری لە سنووری ھەرێم نزیکەی سێ ھێندەی کرێی بۆریە لە تورکیا”.
645 ملیۆن دۆلاری هەرێم لە لوبنان دەستیبەسەرداگیراوە
هەر بەپێی ڕاپۆرتەكەی كۆمپانیای دیلۆیت، بڕی ئەو پارەیەی داهاتی نەوتی هەرێمە و لە لوبنان دەستیبەسەرداگیراوە، تا نیوەی یەكەمی ئەمساڵ بۆ زیاتر لە 645 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، ڕاپۆرتەكە زانیارییەكی پێشووی ئەوی سەلماندووە كە بەهۆیەوە ڕووبەڕووی دادگا كراوەتەوە.
دوێنێ كۆمپانیای دیلۆیت-ی تایبەت بە وردبینی ڕاپۆرتی تایبەت بە داتا و زانیاریی دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن، خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە 1ی کانونی دووەمی 2021 تا 30ی حوزەیرانی 2021، واتا شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی بڵاوكردەوە و دەڵێت، لەو ماوەیەدا حكومەتی هەرێم 77.35 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگای بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2021دا، حکومەتی هەرێم 4.1 ملیار دۆلار داهاتی فرۆشی نەوتی خاوی هەناردەكراوی بەدەستهێناوە، دوای دانەوەی شایستەکانی مانگانەی بەرهەمهێنەرانی نەوت و بەکاربەرانی بۆرییەکان و کڕیاران، 1.737 ملیار دۆلاری وەک سافیی داهاتەکانی نەوتی خاوی بۆ ماوەتەوە.
ڕێكارەكانی كۆمپانیاكە بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكە پێكهاتوون لە “وردبینیکردنی هەناردەکردن و تۆماری فرۆشتنەکان، ئەنجامدانی سەردانی مەیدانیی پێویست، وردبینیکردنی تۆمارەکانی پێوانەی بەرهەمهێنان، داواكردنى زانیارى لە کۆمپانیاکانی نەوت، هەروەها گرتنەبەری ڕێکاری دیكەى پێویست”، وەك ئەوەی دیلۆیت ئاشكرایكردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی پێشووی دیلۆیت كە تایبەت بوو بە خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە یەكی کانونی دووەمی ساڵی 2020 تاوەكو 31ی کانونی یەکەم 2020، 294 ملیۆن و 315 هەزار و 126 دۆلاری هەرێم لە بانکێکی لوبنان دەستیبەسەرداگیراوە.
بەڵام لە ڕاپۆرتە نوێكەدا 310 ملیۆن یۆرۆ (زیاتر لە 351 ملیۆن دۆلار)ی دیكەی داهاتی نەوتی هەرێم لە هەژمارە بانكییەكی لوبنان گلدراوەتەوە و بەمەش كۆی پارەی دەستبەسەرداگیراوی هەرێم لەو وڵاتە بۆ زیاتر لە 645 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.
دەربارەی ئەو بڕگەیەی ڕاپۆرتەكە، سەركۆ ئازاد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاند، “حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2020دا سکاڵای لەسەر كردم بەهۆی ئەوەی بە بەڵگەوە وتبوم 250 ملیۆن دۆلار لە لوبنانە، ئێستا دیلۆیت دەڵێت 294 ملیۆن دۆلارە”.
دەشپرسێت، “ئێستا بەڕێز سەرۆکی حکومەت دەڵێ چی؟ ئێستا دەرکەوت ڕاستی لای کاممان بوو!!”
”پارە گلدراوەكەی لوبنان دۆسیەیەكی گەندەڵییە”
شێركۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ڕاپۆرتەكە جارێكی دیكە سەلماندییەوە كە گرێبەستەكان كێشەی گەورەی تیایە، پرۆسەی دەرهێنان و هەناردەی نەوتی هەرێم كێشەی گەورەی تیایە.
سەبارەت بەو داهاتەی نەوتیش كە لە لوبنان دەستی بەسەرداگیراوە ئەو پەرلەمانتارە وتی، ”بێگومان دۆسیەیەكی گەندەڵییە، بەڵام بەڵگەی پێویست لەڕووی یاساییەوە لەبەردەستدانییە، ئەگەر هەر جۆرە بەڵگەیەكی یاسایی لەبەردەستدابوایە، دەمانتوانی بیدەینە دادگا تا ڕێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر بگیرێتەبەر”.
كابینەی نوێی حكومەت بەردەوام جەخت لە ئەنجامدانی چاكسازی دەكاتەوە، دەربارەی ئەوەی ئایا هیچ چاكسازییەك لە كەرتی نەوتدا بەدیدەكرێت؟ شێركۆ جەودەت ئاماژەی بەوەكرد، “نەخێر هیچ بەرەوپێشەوەچوون و چاكسازییەك لە كەرتی نەوتدا بەدیناكرێت”.