وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەمڕۆ ئاشكرادەكات

ئۆپەراسیۆنی ئەمڕۆی هێزەكانی پێشمەرگە فۆتۆ: زمناكۆ یەحیایی

وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان کۆتاییپێهات و ئەنجامەكەشی ئاشكرادەكات.

وەزارەتەكە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ لە هەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، هێزەکانی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بەمەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستان، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لەو ناوچانەدا ئەنجامدا، کە دەکەونە ناوچەی بایەخپێدراوی ئەمنیی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا.

ڕایدەگەیەنێت، “لەم ئۆپەراسیۆنانەدا، لە میحوەری گەرمەسێرەوە هەریەک لە لیواکانی (3 و 5)ی پیادە و لە میحوەری دووی قەرەتەپەوە لیواکانی (9 و 17)ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ چەند یەکەیەکی هێزەکانی 70، بەشدارییان كردووە”.

دەربارەی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەكانیش وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، کێوماڵکردنی ناوچەی دیاریکراو بوو بەگشتی، تێکدانی ژمارەیەکی زۆر مۆڵگە و شوێنی تیرۆرستان، بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێكی پیک ئاپ ڕەنگی سپی چێندراو بە تەقینەوە و چارەسەرکردنی، هەروەها هەڵگرتنی چەند مینێکی چێندراو لە سنووری ناوچەی (لیوای 53 فق1) و هەڵگرتنی لەلایەن تیمی ئەندازەوە.

ڕوونیشیدەكاتەوە، هەردوو هێزەکە لە ناوچەیەکی دیاریکراو کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنەکە هێنا، لەگەڵ جێگیرکردنی بەشێک لەو هێزانە لە سنووری میحوەری 2ی قەرەتەپە، کە ناوچەکە پێویستی بە هێز بوو تیایدا جێگیربکرێت.

بابەتی پێشتر

سەدر بەگومانەوە لە هێرشەكانی مەخموور و تەقینەوەكەی بەسڕە دەڕوانێت

بابەتی دواتر

لێدوانێكی دیكەی ئەردۆغان جارێكی دیكە بەهای لیرەی دابەزاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share