لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش تاوتوێكرد، هێرشەكانی داعشی بە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیا وەسفكرد، دوو پڕۆژەیاساشی لەبارەی پەروەردە و كارەباوە پەسەندکرد.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە. گفتوگۆیكرد دەربارەی هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش بۆسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە بووەهۆی شەهید و برینداربوونی چەندین پێشمەرگەی قارەمان و هاوڵاتی.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست. سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەشدا کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لە پەیوەندیی بەردەوامدان بۆ فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاریکاری و هەماهەنگی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.
سەرۆک وەزیران دووپاتیکردەوە، “هەرچی پێمانبکرێت دەیکەین، بۆ پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و پاراستنی خەڵکی خۆڕاگری ئەو ناوچە کوردستانییانەی ڕووبەڕووی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش بوونەتەوە، کە ئەم هێرشانە بەشێکن لە سیاسەتی بەردەوامی گۆڕینی دێموگرافی ئەو ناوچانە و ناچارکردنی دانیشتووانەکانیان بۆ ئەوەی شوێنەکانیان چۆلبکەن”.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای (پەروەردە و فێرکاری لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە خرایەڕوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران، بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاساکەی پەسەندکرد، بە ئامانجی ڕێکخستنی هەموو بوارە پەروەردەیی و فێرکارییەکان لەسەر بنەمای سەردەمییانە و برەودانی زیاتر بە پرۆسەی خوێندن لەپێناو دانانی بناغەی سیستمێکی پەروەردەیی نوێی کوردستانی. پڕۆژەیاساکە، فراوان و گشتگیرە و کۆی پرۆسەی پەروەردە و فێرکاری، لە کەرتی حکومی و تایبەت لەخۆدەگرێت.
پاشان کەمال محەمەدساڵح، وەزیری کارەبا پڕۆژەیاسای (هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی کارەبا ژمارە 6ی ساڵی 2021)ی خستەڕوو، کە ئامانج لێی، باشتر ڕێکخستنەوەی هەیکەلیەتی وەزارەتە. پڕۆژەیاساکە، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و بڕیاردرا بە ناردنی هەردوو پڕۆژەیاساکە، بۆ پەرلەمانی کوردستان.
دواتر بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاپۆرتێکی دەربارەی بابەتی وشکەساڵی و مەترسییەکانی بۆسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە سەرئەنجام کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی پەیینی کیمیایی و ماددە قڕکەرەکان و کاریگەری بۆسەر داچاندنی بەرهەمی دانەوێڵەی گەنم و جۆ و دۆخی ئاژەڵداران و کێڵگەکانی پەلەوەری و سامانی ماسی و بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک دەبێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بە گرنگیدان بە سەرچاوە ئاوییەکان و بەنداوەکان و پڕۆژەكانی ئاودێری و گلدانەوەی ئاوی پێویست و پاراستنی ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو کرا، لەڕێگەی هوشیارکردنەوەی هاوڵاتییان و هەروەها چەندین پێشنیازی ئاسانکاری بۆ جوتیاران و ئاژەڵدارانی هەرێم خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی بەو ئاسانکارییانە ڕاسپارد، کە کاریان لەسەر بکەن و لە چێوەی یاسا بەرکارەکان، هاوکاریان بن.
پاشان حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و جوتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیاز و ڕاسپاردەیان بۆ ڕێکخستنی مامەڵەی میدیا و سۆشیال میدیا، لەگەڵ دۆخی ئێستای بەرەکانی جەنگ دژ بە تیرۆریستانی داعش خستەڕوو، کە پێویستە وەک ڕاگەیاندنی بەرپرس، ڕۆڵی خۆیان ببینن لە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و سەلامەتی و ژیانی پێشمەرگە قارەمانەکان، بە پێچەوانەوە کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر پلانەکانی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستان و سەنگەرەکانی بەرگری.