ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە تەرخانکردن و خەرجکردنی بڕی زیاتر لە حەوت ملیار دینار وەک پێشینەی مانگانە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەمەبەستی پاڵپشتیکردن و چارەسەری کێشەی خوێندکاران.
لە نوسراوێکدا کە واژووی ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لەسەرە، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپێردراوە بە تەرخانکردنی بڕی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا.
لە نوسراوەکەدا هاتووە، “ئاماژە بەنوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان/ سکرتاریەتی ئەنجومەن ژمارە (١٥٢٢٦( لە 7/12/2021 سەبارەت بەبڕیاری کۆبوونەوەی ژمارەی 70ی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرابە تەرخانکردن و خەرجکردنی بڕی حەوت ملیار و 250 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە، بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی خوێندکاران و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەشەناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانە.
بەپێی نوسراوەکە، وەزارەتی دارایی و ئابوری لە بەرواری 1/1/2022 بڕیارەکە جێبەجێدەکات بۆ ساڵی 2022-2021.