سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوا لە حكومەت دەكات لێدوانی “فەرماندە ناشارەزاكان” ڕاگرێت و پرسی سەنگەرەكان و چەكی پێشمەرگەش لە میدیاكان دووربخاتەوە.
ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە تویتێكدا نووسیویەتی، “ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە پێش هەر شتێك میدیا و میدیاكاری نابەرپرس ڕابگرێت، جووڵە و سەنگەر و چەك و تفاقی پێشمەرگە بابەتی میدیایی نییە، بابەتی هەواڵی بەپەلە نییە”.
سەرۆكی پەرلەمان قسەشی لەبارەی لێدوانی بەرپرس و فەرماندەكانی پێشمەرگە هەیە و دەڵێت، “حكومەت فەرماندە ناشارەزاكان لە لێدوان ڕابگرێت”.
چەند ڕۆژێكە چەكدارانی داعش لە ناوچە جیاوازەكان هێرشیان بۆسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەستپێكردووەتەوە، تا ئێستا نزیكەی 25 پێشمەرگە شەهیدبوون.
دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بوونەتە پرسی میدیایی و لەلایەن دەزگا میدیاییەكانەوە ڕووماڵی لایەنە جیاوازەكانی دەكرێت، ئەمە جگە لە لێدوانی فەرماندەكانی پێشمەرگە لەسەر هێرشەكان و ڕەوشی سەنگەرەكانی پێشمەرگە.