وردەكاریی قۆرخكاریی بازاڕی سووتەمەنی لە هەولێر خرایە بەردەم مەسرور بارزانی

باجی عەقاری 20 ساڵ خراوەتە سەر بەنزینخانەكان، زۆربەیان پێیان نادرێت و ناچارن دایبخەن

عەلی حەمەساڵح دۆسیەیەكی تایبەت بە قۆرخكاری و گرانكردنی نرخی سووتەمەنی لە هەولێر ئاشكرادەكات، وردەكاریی قۆرخكارییەكە دەخاتە بەردەم مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم.

بەپێی بەدواداچوونەكەی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، قۆرخكاری لە دۆسیەی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی بۆ بەرژەوەندیی چەند كۆمپانیایەك لە پارێزگای هەولێر هەیە و بووەتە هۆکار بۆ گرانبوونی سووتەمەنی.

ئاشكرایكردووە، لە بازگەكانی هەولێرەوە ڕیگە بە هاتنەناوەوەی هیچ بەنزینێك نادرێت، بە رێككەوتن نەبێت لەگەڵ گروپێكی دیاریكراو، كە بۆ هەر بارهەڵگرێك، یەك ملیۆن دینار وەردەگرن و پارەكەش بەهیچ شێوەیەك ناچێتەوە بۆ حكومەت.

لەبارەی نەوتی سیپشەوە نووشیویەتی، “ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لە سلێمانی و دهۆك 150 هەزار دینارە، لە هەولێر 190 هەزار دینارە، چونكە ڕێگا نادرێت نەوتی سپی داخڵ ببێت، ئەوەشی دەیهێنێت دەبێت بیفرۆشێتە كەسێك بەناوی “نەبەز”، ئەویش كۆنتڕۆڵی نرخی بازاڕی كردووە و لەسەر هاوڵاتی گرانكراوە”.

دەقی بەدواداچوونەكەی عەلی حەمەساڵح لەبارەی قۆرخكاریی سووتەمەنی لە هەولێر:

لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ گەورەترین دۆسیەی قۆرخکاری و وەرگرتنی پارە و گرانکردنی بەنزین و نەوت و گازوایل لە پارێزگای ھەولێر.

بۆ : سەرۆكی حكومەتی هەرێم

قۆرخكاری لە دۆسیەی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی بۆ بەرژەوەندیی چەند كۆمپانیایەك لە پارێزگای هەولێر

نرخی سووتەمەنی بەشێوەیەكی بەرچاو لەسەر هاوڵاتییان گران بووە، ئەمەش بەهۆی قۆرخكاری و گەندەڵییەكی ڕێكخراوەوەیە، ئەمە لێكۆڵنەوەیەكی مەیدانییە لە سنووری پارێزگای هەولێر، قۆرخكاری و گەندەڵییەكی ئێجگار مەترسیدار دەخاتەڕوو.

یەك: بەنزین.

 ئەو بەنزینەی لە عێراقەوە دێت، لە هەولێر دەدرێتە چەند بەنزینخانەیەكی دیاریكراو، بەڵام نزیكەی (2 ملیۆن) لیتری دیكە بەرهەمی ناوخۆی بەنزین هەیە، پاڵاوگەی كار ڕۆژانە (25 هەزار) بەرمیل نەوتی خاو دەپاڵاوێت، یەك ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت و حكومەت بەنرخی 640 دینار دەیداتە هەر دوو كۆمپانیای (سەن ئۆیڵ و كوردنەفت)، ئەوانیش بەشی هەرە زۆری ئەم بەنزینە لە بازاڕی جوملە (بۆرسە) بە 860 دینار بۆ هەر لیترێك دەیفرۆشێت.

بەهەمان شێوە پاڵاوگەی لاناز لەو نەوتی خاوەی لە سوریا و عەینزالەوە دەیهێنێت، نەفتا بەرهەم دەهێنێت و نەفتاکە لە پاڵاوگەی كار دەكرێتەوە بەنزین و بەنرخی بازرگانی دەیفرۆشنەوە بە گران، هەرچەندە بەرهەمی ناوخۆییە و نەوتی خاویش هەزران بووە، ئێستا بەنزینی نۆرماڵی كار یەك لیتری بە 875 دینار لە بەنزیخانەكان دەفرۆشرێت.

دوو: ڕێگری لە هێنانی بەنزین.

لە هەولێر لە سەرجەمی ئەو بازگانەی لەگەڵ عێراق هەیە و لە بازگەی دێگەڵەش ڕێگا نادرێت بەهیچ شێوەیەك بەنزین داخڵی هەولێر بكرێت، تەنیا یەك ڕێگا هەیە، ئەویش ڕێككەوتن لەگەڵ گروپێك دووان لەو گروپە ناویان نەبەز محمەد”ــە، ئەوانیش بۆ هەر بارهەڵگرێك یەك ملیۆن دینار وەردەگرن! ئەم پارە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندیی بە حكومەتەوە نییە.

سێ‌: گرانبوون و خراپبوونی كوالێتی گازوایل

لاناز، ڕۆژانە نزیكەی ٢ ملیۆن لیتر گازوایلی هەیە و ڕەوانەی دەرەوەی دەكات، ئەمە وایكردووە لە ڕووی نرخەوە گازوایل زۆر گران بێت و تۆنی بووە بە 520 دۆلار لە نێوخۆدا، لە ڕووی كوالێتیشەوە گازوایلی بازاڕی كوردستان زۆر خراپە، ئەو گازوایلەی بەكاردێت بۆ مۆلیدە، پشت بە پاڵاوگەی بێموڵەت “پێ‌ لەقە” و تێكەڵكردن دەبەستێت، هەم كرێی مۆلیدە لەسەر هاوڵاتی گران دەبێت و هەم ژەهریش لە مۆلیدەوە بۆ هاوڵاتیان دەچێت.

چوار: گرانبوونی نەوتی سپی

ئێستا نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی لە سلێمانی و دهۆك 150 هەزار دینارە، لە هەولێر 190 هەزار دینارە، چونكە ڕێگا نادرێت نەوتی سپی داخڵ ببێت، ئەوەشی دەیهێنێت دەبێت بیفرۆشێتە كەسێك بەناوی “نەبەز”، ئەویش كۆنترۆڵی نرخی بازاڕی كردووە و  لەسەر هاوڵاتی گرانكراوە.

پێنجەم: زۆرینەی بەنزینخانەكانی هەولێر مەترسیی داخستنیان لەسەرە.

بەهۆی ئەو قۆرخكاریە گەورەیەی لە بازاڕی بەنزین و سووتەمەنی لە هەولێر هەیە، زۆرینەی بەنزیخانەكانی هەولێر بێبازاڕن، جگە لە ڕسومات و كرێی كارەبا و ئاو و هتد، ئێستا داوای باجی عەقاری 20 ساڵی رابردوویان لێدەكەن، لە كاتێكدا ئەمان كرێچی حكومەتن، بەپێی گرێبەستی بەكرێدان باجی عەقاریان لەسەر نیە، پێشتریش ئاگادار نەكراون، ئێستا بڕێك پارەی زۆریان بۆ هاتووە كە دەبێت لە ماوەی 10 ڕۆژدا بیدەن، كە نزیكەی 200 ملیۆن دینارە بۆ هەر بەنزیخانەیەك، ئەم دۆخەی سەرەوە زۆربەی بەنزیخانەكان ناچاری داخستن دەكات، ئەمەش لەبەرژەوەندیی زیاتری چەند كۆمپانیا و كەسێكدایە كە بازاڕەكەیان قۆرخكردووە.

عەلی حەمەساڵح

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵه‌بانى به‌ڵێنه‌كه‌ى بۆ كورته‌باڵاكان جێبه‌جێكرد

بابەتی دواتر

پۆلیسی تاران: بەکارهێنانی ناوی کوردی بۆ شوێنە گشتییەکان قەدەغەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share