عێراق مەترسیی لەدەستدانی 40%ـی کارەبای لەسەرە

میدیا عێراقییەکان ئاشکرای دەکەن، عێراق رووبەڕووی مەترسیی لەدەستدانی نزیکەی 11 هەزار مێگاوات لە سیستمی کارەبای وڵاتەکەی دەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی نوێترین بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی هاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێرانەوە.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیا عێراقییەکانیان راگەیاندووە، بەدرێژایی چەندین ساڵ، عێراق سوودی لە زنجیرەیەکی درێژخایەنی لێخۆشبوونی ئەمریکا وەرگرتووە کە پەیوەندیی بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێرانەوە هەبووە، ئەمەش وایکردووە بەغداد هەشت هەزار مێگاوات کارەبا لە ڕێگەی غازی تارانەوە بەرهەمبهێنێت، ئەمە جگە لەوەی وزەی کارەبا لە ڕێگەی چوار هێڵەوە هاوردە دەکات، کە ئەمەش سێ هەزار مێگاوات بەرهەمدەهێنێت.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەر لەسەر ئەم پرسە، وەزارەتی کارەبای عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.

پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا دوو بڕیار بدرێت:
1- کاراکردنی کەرتی غازی پەیوەندیدار لە عێراق.
2- دەستەبەرکردنی غاز و جەختکردنەوە لەسەر خێراکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبای عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، جگە لە ئێران.

بە وتەی ئەو سەرچاوانە، هەنگاوەکانی عێراق بەرەو هاوردەکردنی غاز لە وڵاتی تورکمانستانەوە مەترسیی لەسەرە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی چونکە غازەکە پێش ئەوەی بگاتە عێراق؛ بە بۆرییەکانی ئێراندا تێدەپەڕێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share