بەشێك لە ئابوریناسانی هەرێم لەبارەی هەنگاوێكی حكومەتی عێراقەوە هۆشداری دەدەن

حكومەتی عێراق دووچاری دۆخێكی قورسی ئابوری بووەتەوە و دەیەوێت، بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییە داراییەكانی یاسایەك بۆ قەرزكردن بە پەرلەمان دەربچێنێت، بەڵام پەرلەمانی عێراق تا ئێستا ئەو خواستەی حكومەتی جێبەجێ نەكردووە.

بەشێك لە ئابوریناسانی هەرێم هۆشداریدەدەن لەوەی ئەو هەنگاوەی حكومەتی عێراقی وڵاتەكە دووچاری نەهامەتی گەورەتری دارایی دەكاتەوە، كە پریشكیشی بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت.

ئابوریناسانی هەرێم هۆشداری دەدەن
حكومەتی عێراق پرۆژەیاسایەكی بە ناوی “یاسای تەمویلكردنی كورتهێنانی دارایی” ناردووەتە پەرلەمان و لە مادەی 3ی پرۆژەیاساكەدا داوا دەكات دەسەڵات بدرێت بە وەزیری دارایی وڵاتەكە بۆ ئەوەی قەرزبكات و ئەو بۆشاییەی كە بە بڕی 41 تریلیۆن دینار دیاریكراوە پڕبكاتەوە، بەڵام ئابوریناسانی هەرێم ئەو هەنگاوەی حكومەتی عیراق بە هەڵە ناو دەبەن.

خالید حەیدەر، ئابوریناس و مامۆستای زانكۆ بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەگوزەرێت لە دۆخی ئابوریی عێراق كە هەرێمیش دەگرێتەوە بابەتی پارەداركردن و تەمویل كردن بۆتە جێی گرنگیپێدان لای حكومەت، چونكە حكومەتی عێراق بەرەو مایەپوچ بوون دەڕوات و ناتوانێت موچە بدات”.

ئەو ئابوریناسە ئاماژە بەوەشدەكات، “موچەی فەرمانبەران و دابینكردنی ئەركی سەرشانی هەموو حكومەتێكە و نائاساییە داوای قەرزی بۆ بكرێت، دەكرێت حكومەت لە بارێكی لەناكاودا داوای قەرز بكات بۆ چارەسەری كێشەكە نەك موچەی فەرمانبەران، دەبێت حكومەت بەدەر لە یەدەگی نەقدی و دراوی قورس و زێڕ، پارەی تایبەتی دانابێت لای وەزارەتی دارایی پارێزراو بوبێت و موچەی پێ دابین بكات”.

قەرزەكانی عێراق كەڵەكە دەبن
خالید حەیدەر ئاماژە بەوەدەكات، “عێراق خۆی قەرزارە و ئەوەی پێشوو و ئەمەشی بێتە سەر قەرزی عێراق لە 100 ملیار دۆلار تێپەڕ دەكات، سروشتیی عێراقیش وایە كە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ دانەوەی قەرزەكان، ئەوەش زۆر قورس دەبێت وا دەكات حكومەت جارێكی دیكە هەنگاو بنێت بۆ قەرزكردن لە دەرەوەی وڵات”.

“دۆلار بەرزبوونەوەیەكی مەترسیدار تۆمار دەكات”
كامەران قادر یەعقوب، ئابوریناس و مامۆستای زانكۆ بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەوەی حكومەتی عێراق بەنیازە بیكات، قەرزی ناوخۆییە واتا ئەو پارە لە بانكەكانی عێراق دەكشێنێتەوە و دەیخاتە بازاڕەوە كە دیناری عێراقییە، 41 تریلیۆن دینار كە دەدرێت بە مەعاش و وەبەرهێنان، ئەوكات خستنەڕووی پارەی عێراقی زیاد دەكات، ئەگەر ڕێژەیەكی كەمی ئەو پارەش بچێتە بازاڕە و پێداویستییەكان بكڕن ئەوكات بازرگانان كە پارەی عێراقی وەردەگرن دەچن دەیكەنەوە بە دۆلار ئەمەش نرخی دۆلار زیاد دەكات”.

ئەو ئابوریناسە هۆشداری دەدات گەر پەرلەمانی عێراق قەرزێكی لەوجۆرە پەسەند بكات، بەهای دۆلار بەرز دەبێتەوە بەجۆرێك پێشبینی دەكات 100 دۆلار بگاتە 150 بۆ 170 هەزار دینار، دوورترین مەوداش بۆ ئەوە شەش مانگی داهاتوو دەبێت.

“دواتر حكومەتی عێراق دەبێت ئەم قەرزانە بداتەوە و لە بودجەدا بڵێت بەو شێوەیە دەیدەمەوە، لەكاتێكدا بودجە خۆی كورتهێنانی هەیە وەرە قەرزیشی لێبدەیتەوە، ئەوە قەیرانەكان چەند هێندە دەكاتەوە”، كامەران یەعقوب وای وت.

چارەسەر چییە؟
خالید حەیدەر، مامۆستای زانكۆ ڕایگەیاند، “چارەسەر ئەوەیە كە هەوڵەكانی كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان بەردەوام بێت، شەفافیەت لە فرۆشتنی نەوتدا هەبێت و گەشتوگوزاری ئاینی كۆنیڕۆڵ بكرێت، چونكە باس لەوە دەكرێت داهاتی یەك ساڵی كەربەلا و نەجەف بەشی بژێوی ژیانی عێراق دەكات بۆ ماوەی پێنج ساڵ”.

لای خۆشییەوە كامەران قادر یەعقوب كە دكتۆرای لە ئابوریدا هەیە لەبارەی چارەسەر بۆ دۆخی ئێستای عێراق ڕایگەیاند، “پێویستە ئەو خەرجییانەی بێبەرهەمن كەمبكرێنەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ڕێژەی كورتهێنان”.

بەبڕوای ئەو ئابوریناسە، پێشبینی هەڵەی حكومەتی عێراق هۆكاری دروستبوونی قەیرانی داراییە، “چونكە لە بودجەدا پێشبینی كردووە نرخی نەوت لەنێوان 80 بۆ 100 دۆلار بێت و خەرجییەكانی لەسەر ئەو بنەمایە داناوە ئەوەش تووشی قەیرانی كردووە”.

پریشكی ئەو ئاگرە بەر هەرێمیش دەكەوێت
لە ئێستادا زیاد لە هەركاتێكی دیكە، بۆ دابینكردنی موچە حكومەتی هەرێم پشتی بە ئەو بەشە بودجەیە بەستووە كە لە عێراقەوە دێت، بۆیە تێكچوونی ئابوریی عێراق ڕەنگە نەهامەتی زیاتر بۆ هەرێم بهێنێت.

خالید حەیدەر وتی، “ئێستا لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 50%ی پارەی موچە لە عێراقەوە بۆمان دێت، ئەگەر بەهۆی ئاڵۆزی دۆخی ئابوریی عێراقەوە ئەو پارە نەیات هەرێم دووچاری كێشە دەبێتەوە”.

پەرلەمانی عێراق نایەوێت پرۆژەكەی حكومەت بكات بە یاسا
ئەمڕۆ یەكشەممە 8ی تشرینی دووەم عەبدولهادی سەعداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “پەرلەمانی عێراق ناتوانێت پرۆژەیاسای تەمویلكردنی كورتهێنانی دارایی بەش بەش بكات و ڕێ بدات پارە قەرز بكرێت تەنها بۆ دابینكردنی موچە”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “وەزیری دارایی مافی قەرزكردنی هەیە بۆ 90 ڕۆژ یان زیاتر، دەتوانێت لەوڕێیەوە موچە دابین بكات”.

عەبدولهادی سەعداوی ئەوەشی ئاشكراكردووە، “موچەی فەرمانبەرانی عێراق پێویستی بە 2 تریلیۆن دینار قەرز هەیە، چونكە حكومەت 4 تریلیۆن دیناری لەبەردەستدایە و پێداویستی موچەش بریتییە لە 6 تریلیۆن دینار”.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) یوڤانتۆس لە کاتی زیادکراودا دوو خاڵی بەرانبەر لازیۆ لەدەستدا

بابەتی دواتر

شه‌ش ڕاستی له‌ باره‌ی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی مانچسته‌ر سیتی و لیڤه‌رپوڵ

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وتەبێژی دەوڵەتی یاسا لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتەوە زانیاری بۆ “ئێستا” ئاشكرادەكات

بڕیارە سبەی شاندێكی باڵای “چێوەی هەماهەنگی” بەسەرۆكایەتیی نوری مالكی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكاندا گفتوگۆبكەن…
Total
0
Share