ساڵێك مۆڵەتیان داوەتە توركیا.. كەجەكە لەبارەی ئازادیی ئۆجالانەوە ڕەخنە لە هەڵوێستی ‏ئەوروپا دەگرێت

كۆمسیۆنی ئەوروپا لەبارەی ئۆجالان-ـەوە دەڵێت، “سزای هەتاهەتایی قورس لە تورکیا پێچەوانەی پێوانەکانی مافی مرۆڤی كۆمسیۆنی ئەوروپایە”، کەجەکەش ڕاگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، دەبێت هەوڵەکان بۆ ئازادیی جەستەیی ئۆجالان زیاتربکرێن.

ئەمڕۆ یەكشەممە کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، لەبارەی هەوڵەکان بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵڵا ئۆجالان و بڕیاری كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەوروپا كە ڕایگەیاندووە “سزای هەتاهەتایی قورس لە تورکیا پێچەوانەی پێوانەکانی مافی مرۆڤی کۆنسەی ئەوروپایە” بڵاوكردەوە و دەڵێت، “کۆنسەی ئەوروپا ساڵێک مۆڵەتی داوەتە تورکیا کە ئەو بابەتە ڕوونبکاتەوە، لە ڕاستیدا کاتێک بابەت دێتەسەر کورد ئەوروپاش لە جێبەجێکردنی بڕیار و یاساکانی خۆیدا مکوڕنییە، دەرکەوت ئەوروپا کە باسی دیموکراسی و یاسا دەکات، لەم بابەتەدا لاوازە”.

لە ڕاگەیەندراوەكەی کەجەکەدا هاتووە، “ئەم بڕیاری مۆڵەتدانەی کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا بۆ داهاتوو دەتوانێت ئەنجامی ئەرێنی بەدوای خۆیدا بهێنێت، وەکچۆن سزای لەسێدارەدان دوای دەرکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی ڕێبەر ئۆجالان لە تورکیا هەڵوەشایەوە، دەکرێت بە هەوڵەکانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، سزای هەتاهەتایی قورسیش لە تورکیا هەڵبوەشێتەوە، چونکە ئەوەی وای لە کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا کرد ئەم بڕیارەی ئێستا دەربکات، هەوڵەکانی گەل و دۆستەکانی کورد بوون”.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە ڕایگەیاندووە، ئەو یاسا تایبەتانەی 23 ساڵە دژی ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالی جێبەجێدەکرێن، نیشانی دەدەن کە لە ئیمرالی سیستمێکی زوڵم و ئەشکەنجە هەیە، کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان نییە، لەبەر ئەوەی ئۆجالان “تێگەیشتنی ئازادیی بەخشییە کورد تۆڵەی لێدەکەنەوە، هەر بۆ ئەوەش سزای هەتاهەتایی قورسیان دەرکرد کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان نییە، ئەمەش لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە، کە ئەندامە لە کۆنسەی ئەوروپا”.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان، كۆمسیۆنی ئەوروپا بە بەرپرسیار دەزانێت لە سیستمی ئەشکەنجەی ئیمرالی و دەڵێت، “سێ ساڵ پێش ئێستا سی پی تی (لیژنەی بەگژداچوونەوەی ئەشكەنجە) دانی بەوەدانا کە گۆشەگیری لە ئیمرالی بەشێکە لە ئەشکەنجە و داوایکرد کۆتایی بە گۆشەگیری بهێندرێت، بەڵام تورکیا لەبەر ئەوەی دڵنیابوو لە دووڕوویی ئەوروپا ئەو گۆشەگیرییەی هەڵنەگرت، بۆیە ئەم بڕیارەی ئێستاش بەلای گەلی کورد و دۆستەکانی و تەنانەت هێزە دیموکراسیخوازەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیشەوە بەس نییە، بەڵام دەبێت کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا بەدواداچوونی جددی بۆ بڕیارەکەی خۆی بکات، بۆ هەڵگرتنی سزای هەتاهەتایی توند”.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا کەجەکە دەڵێت، “تێکۆشانی گەلی کورد کارەکتەری فاشیستی و دژە دیموکراسیی دەوڵەتی تورکی هێندە شەرمەزارکردووە، کە ئیدی ماسکی شەڕی تایبەتی لە ڕوویان داماڵیوە، تێکۆشانی ئازادیمان هەم لە ناوەوە دەوڵەتی تورکی لاواز و شەرمەزارکردووە، هەمیش لە دەرەوە شەرمەزاری کردووە و بەرەو کۆتایی دەبات”.

بابەتی پێشتر

دادگای فیدڕاڵی وادەی چاوخشاندنەوەی بە تانەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دیاریكرد

بابەتی دواتر

دوای گردبوونەوەی کۆچبەران، بابا نوئێل بەدەم منداڵە کوردەکانەوە هات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share